٨ تەمموز و چارەنوسی سلێمانی بەرەو کوێ دەبات؟

610
0
هاوبەشی :

٨ تەمموز لە نێوان کودەتا و چاکسازیدا؟
رۆڵی پێگە و ئازادی راگەیاندن لە ٨ تەمموزەوە تا ئێستا؟
دۆخی دەرونی خەلک و کۆمەلگە لە زۆنی سەوز؟
دۆخی ئیداری و سەربازی زۆنەکە لە دوای ٨ تەمموزە وە؟
چارەنوسی سلێمانی و داھاتووی شارەکە بەرەو کوێ؟

وادەبینرا کە دەبێ دۆخی ناو سلێمانی و ئەوەی کە پێی دەوترێ زۆنی سەوز و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمان ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت و بەشێوەیەک لەشێوەکان جێگۆڕکێی هێز لەم دەڤەرە بگۆڕێ ! ئەم گۆڕانکاریە خواستی دەوڵەتی تورکیا بەپلەی یەکەم و پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەپلەی دووەم و دوای ئەوانیش ووڵاتانی تری بەوێنەی ئێران و هێزیتریش بەوێنەی ئەمریکا .
هۆکاری ئەم گۆڕانکاریە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەپێی پێگە جوگرافیاو ژینگەییە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەی ناوچەی یەکێتی ، پڕە لەووزەو هێز ، پڕیەتی لە ئنرژی زیندوو وە ڕادیکاڵ ، لەناو ئەم ووزەیەدا هێزگەلی بچوک تا گەورە هەیە و ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان دەبینن ، ئەم ووزە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕیە نە تازەیەو نەتەنها پەیوەندیدارە بە هێزێک یان حیزبێک یان گرووپێک ، بەڵکوو ئەم ناوچەیە خۆی هەمیشە داینەمۆیەکی بزووێنەری دروستکردنی ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی و ڕۆشنبیریانەبووە .
یەکێتی نیشتمانی لەم ناوچەیە و لەم بزووتنەوانەوە هێزی خۆی ووەرگرتوەو ژیانی درێژە پێدەدات . هەربۆیە ئەم ناوچەیە و بەتایبەتی سلێمانی هەمیشە بۆ دەوڵەتانی داگیرکەرو سیستەمە سەرکووتکار و دیکتاتۆرەکان جێگەی نەفرەت و ڕق بووە.
تازەترین نەفرەت و ڕق ، ئەو هەڵوێست و لێدوان و دژایەتیانەیە کە دەوڵەتی تورکیا و بەتایبەت لەزاری وەزیری ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا درا ، کە سلێمانی زۆنی سەوز بووەتە لانکەی و پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان ، ئەم ووتانە چەند جار دووبارە کرانەوەو ڕق و هەڕەشەی خۆیان نەشاردەوە لەبەرامبەر ئەمەدا ، چەندین جار باسی هێرش کردنە سەر ئەم شارەیان دەکرد.
بۆ ئەمەش پێش ئەوەی دەوڵەتی تورک خۆی جوڵەیەکی سەربازی بکات ، دەبێ جوڵەیەکی سیاسی لەوناوچەیە بەڕێوەبەرێ ، بۆئەمەش باشترین بژاردە دەستێوەردانە لە ناودڵی هێزەکان و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە و سلێمانی، بۆ ئەمەش پارتی دیموکرات هەمیشە وەک مقاشی دەستی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی ناوچەکە ئامادەو بەکارە تا پلانەکان وەک خۆی جێبەجێ بکات .
پلانەکە ئاوابوو کە یەکێتی لاوازو پارچەبکەن ، ئەو دەنگ و جوڵە زیندوەی کە لەبەرامبەر ئەجندای تورکیاو داگیرکاریەکەی هەیە تەفرووتونای بکەن ، وە باڵی ڕەسمی ناو یەکێتی کە بەکوڕانی جەلال تاڵەبانی دەناسرێن شەرعیەتێکی دڵسۆزی و ئیمتیازێکی زیاتریان پێبدرێ ، هەم لەناو حکومەتی هەرێم و لای بنەماڵەی بارزانی ، هەم لای دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی تری ناوچەیی و جیهانی.
بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پلانەش کاتێک دیاری کرابوو کە دەبێ هەموو دەزگا ڕەسمی و چەکداریەکان هەیە بە خێرایی لە لایەنگران و برایانی لاهور پاک بکرێتەوە .
بەرە بەیانی رۆژی ٨تەمموز ھەر دوو کورانی مام جەلال باڤڵ و قوباد گەشتنە قەلاچۆلان و بەرێوەبەری ھەر یەک لە دەزگای زانیاری و فەرماندەی یەکی ھێزەکانی دژەتیرۆریان بە ھاوکاری ھێزی کۆماندۆی شێخ جەعفەر دەسگیر کرد و رایانگەیاند بەرێوەبەری ھەر دوو دەزگاکە بە بریاری سەرۆکایەتی حکومەت دەگۆرێن،وە دوو کەسی تریان لە شوێنیان دانا بەناوەکانی (ئەژی مەلا ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەلبجەیی بۆ فەرماندەی یەکی دژە تیرۆر)لێرەوە راستەوخۆ کاردانەوەکان دەستیان پێکرد ئەوەی روویدا بە لێ سەندنەوەی دەسەلاتەکانی لاھوری شێخ جەنگی و کودەتایەکی ھاوبەشی نێوان پارتی و تورکیا و ئێران و بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە دژی لاھوری شێخ جەنگی لێک درایەوە

یەک رۆژ دوای ٨تەمموز راگەیاندنی یەکێتی بوو بە دوو بەشەوە راگەیاندنی دەباشان و راگەیاندنی گردی سەرچنار ئەوەی سەرنجی ھەمووانی راکێشا ھەرچی راگەیاندنی دەباشان بوو بە کەناڵە رەسمیەکان و پەیج و مالپەرەکانیان کەوتنە وێزەی لاھوری شێخ جەنگی و براکانی تا کار گەشتە ئەوەی تۆمەتی ژەھر خوارد کردن و سیخوری کردنیان دایە پاڵ لاھوری شێخ جەنگی جیاوازی ئەم تۆمەتانە لەوەدا بوو ھەر کام لەو ھەوالانە لە کەناڵە رەسمیەکان بلاو دەکرایەوە پاش تێپەر بوونی چەند کاتژمێرێک دەسڕدرانەوە،لە راگەیاندنی دەباشانەوە باس لە قاچاخچێتی سنورەکان دەکرا بە دەستی لاھور و دارودەستەکەی گرانی نرخی بەنزینیان دەکردە بەلگە و گوایە بە ھۆی سەرانەوە وەرگرتنەوە نرخی بەنزین ھێندە بەرزە بەلام ھەر پاش تێپەر بوونی دوو ھەفتە بەسەر رووداوەکانی ٨ تەمموزدا نرخی بەنزین لە ٨٠٠ دینارەوە بەرز بۆوە بۆ ٨٥٠ دینار!

لە نێوان شەرە میدیاکانی دەباشان و سەرچناردا کە بەردەوام گومان و دڵە ڕاوکێیان بلاو دەکەنەوە، مەترسی پێکدادان و شەڕ بەردەوام لە بەرز بونەوەدایە.
سەرباری ھەموو نارەزایەتیەکانی خەلکی لە دەسەلات، ئێستا ئیتر مەترسی رادەست کردنی زۆنی سەوز ھەیە بە ھەژمونی پارتی و تورکیا لەسەر دەستی باڤل و قوباد تالەبانی ئەمەش ئەو نیگەرانیە قوڵەیە کە هەر لەسەرەتاوە ئاماژەمان بە هۆکاری ڕوودانی ئەم پلانە کرد کە نەک لەلای خەلکی سلێمانی و زۆنی سەوز نیگەرانییەکی زۆری دروست کردوە،بەڵکو لەلای خەڵکی هەولێر و دهۆک و تەواوی کوردانی ئازادیخواز نیگەرانی دروست کردوە. دۆخەکە بەئاستێک گەیشتوە کە خەڵک بەردەوام رەخنە لەم دوو کوڕەی جەلال تاڵەبانی دەگرن بەوەی کە وەک شەقاوەو چەتە شار و حزب و پشکەکانی حکومەتیشیان قۆرخ کردوە، هەڵسوکەوتەکانیان نەک هیچ پرەنسیپێکی حیزبی و سیاسی تێدا نیە ، بەڵکو بە شێوەیەکە کە ھیچ تایبەتمەندییەکی سەرکردە و کەسایەتی سیاسیان نیە، تەنها ئەوە نەبێ کە مندالی مام جەلالن شیاوی ھیچ پێگەیەکی حزبی و حوکمی نین گەورەترین سوکایەتیشیان بە مێژووی یەکێتی و شەهید و قوربانیەکانی ئەو حیزبە کرد .
دەست تێوەردانیان لە کاری سیاسی و بەرێوەبردن سەرباری لاوازی کەسایەتیان ھاوشێوەی رەدوو کەوتوان لە ئێستادا تەنھا جێ بەجێکاری فەرمانەکانی بنەمالەی بارزانین،شەرێکی دەروونی سەخت لە بەرامبەر خەلکی شاری سلێمانی و دەوروبەری بەرێوە دەبەن چی لە رێگەی میدیای بێت یاخود لە رێگەی بریارە تاک لایەنەکانیان لە ژێر ناوی چاکسازیدا بەردەوام گرفت و نا ئارامی بۆ چینە کەم دەرامەتەکەی کۆمەلگە دروست دەکەن لە چەند رۆژی رابردودا بە ناوی لیژنەکانی شارەوانی سەرجەم عارەبانە و دەسگێرەکانی سەھۆلەکەیان لادا و سەرجەم کورسیەکانیش کە بۆ دانیشتن و پشوودانی خەلکی شارەکە بەکار دەھات قەدەغەیان کرد،یاخود بە بیانوی چەکی بێ مۆلەت و ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتاوە شەقامەکانی سلێمانیان بە ھێزی چەکدار تەنیوە کە ئەمەش خەلکی شارەکەی بێزار و ھێزە چەکدارەکانیشی بێزراو کردوە.

لە نێوان دۆخە دەرونیە نا ئارامەکەی شار و پیلانە یەک لە دوا یەکەکانی کورانی تالەبانی تا ئێستا روون نیە سلێمانی لەم کام کەناراو دەگیرسێتەوە،ئەوەی روونە تەنھا ئەوەیە ئەم پیلانە قێزەونەی تورکیا و پارتی و ئێران و کورانی تالەبانی لە کەسایەتی لاھوری شێخ جەنگیدا سزادانی شاری سلێمانی و مێژوە پر لە ھەلوێستەکانیەتی بەوەی چەندین ساڵە سلێمانی بۆتە ئامانجی تورکیا و پارتی و دەیانەوێت ھەلێک برەخسێنن بۆ گەشتنی دەسەلاتیان بە سلێمانی و کۆتایی ھێنان بەو رەوشە سیاسیەی لە پێش ٨ تەمموزدا ھەبوە،ھەر بۆیە ئەم پیلانە ھاوبەشە ئەنجامەکەی بەدەر لەوەی دۆخەکە بگەرێتەوە پێش ٨تەمموز ھەرچی تر بێت ئەنجامەکەی ئەوە بە دڵی دارێژەرانی پیلانەکە دەبێت چی بەوەی شەرێک لە شارەکەدا دروست بێت و گەنجانی ئەم شارەی تێدا ببنە قوربانی یاخود کۆتایی بە دەسەلات یەکێتی و پارچەکردنی لایەنگرانیان بێت یاخود بەوەی دەسەلاتەکان لە دەستی ھەر لایەکیاندا کۆببێتەوە ئەوەی گرنگە بۆ دارێژەرانی پیلانەکە ئەوەیە نا ئارامی و نا سەقامگیری و بێ ئومێدی لە سلێمانی دا دروست بکەن.

هاوبەشی :