دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی ، کۆتایی ولایەتی فەقیە!. ئەرکەکانی چین؟

552
0
هاوبەشی :

نوسینی :- نیاز حامید

دوێنێ ئاهەنگی رادەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆك کۆماریی ئێران بەڕێوەچوو ، رەئیسی بووە سەرۆك کۆماری ئێران.
ئێران بۆ ٤٢ ساڵ زیاترە ،تێیدا سیستەمی دەوڵەتی ئاینی مەزهەبی حاکمە ، لە ناو هەناوی ئەو سیستەمە هەمیشە دوانەی ئێرانی ویلایەتی فەقێی توندڕۆ و ئێرانی دەوڵەت هەبووە، پاسداران و سوپا ، رۆڵیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە قۆناغە جیاوازەکان زیاد بووە یا کەم بووە.
لە ٢١ ساڵی رابوردوودا ئێرانی دەوڵەت بە ئاشکراتر و روونتر هێلی بەڕێوەبردنی سیاسەتی لە ناو سیستەم خستەپێشێ ، ئێرانی دەوڵەت لەلایەن ئیسلاحییەکان پێشەنگایەتی دەکرا ودەکرێت و، هەرچی ئێرانی ویلایەتی فەقێیە لەلایەن محافزکارەکان، پێشەنگایەتی دەکرا ودەکرێت.
جیاوازی نێوان ئەو دوو رەوتە ، لە زۆربابەتی تەکتیکی ناوخۆ ودەرەوەیان جیاوازی توندیان هەیە ، لێ هەردولا باوەڕییان بە رابەری بالای ئایەتوڵا وسیستەمی مەزهەبی ئاینی شیعەگەرایی هەیە .
ئێرانی ویلایەتی فەقێ لە دەرەوەی جوگرافیای ئێران بۆ مانەوە، باوەڕی بەپەل هاویشتن هەیە و ، هەرچی ئیسلاحییەکانە دەیانەوێت زیاتر پایەکانی دەوڵەت لە ناوخۆ قایم بکرێت بۆ مانەوە وبەردەوام بوون.
خامنەئی سەرکێشی ئەو رەوتە توندڕۆیە دەکات کە پەلهاویشتنە بۆ دەرەوەی سنورەکان ، ئەو پێیوایە مانەوەی ئەو سیستەمە، لە بوونی هەژمونی ئێرانە بەسەر دەوروبەر .بۆ ئەمەش پێویستی بە دوژمنگەلێکە ، باشترین دوژمنیش ئیسرائیلە ، جاران ئیسرائیل دەوڵەتە عارەبییەکانی دوژمنی بوون ، ئێستا زۆرینەیان دۆستی ئەون ، ئێران ئەوە بە هەل دەزانێت ،بۆ پێکانی ئەو ستراتیژەی خۆی لە سەپاندنی هەژمونی خۆی لەدەرەوەی سنورەکانی ،ئەوەتا ئاڵای دژایەتی ئیسرائیل هەڵدەگرێت ، خۆی بە پێشەنگی مقاوەمەتی ئیسرائیل دەناسێنێت. ئێران لە عێراق ،سوریا ، لوبنان ویەمەن هەیە.
ئامانج لە هێنانە پێشەوەی رەئیسی لەلایەن خامنەئیەوە چییە؟!. یا بە شێوازێکی دیکە ئەگەر بپرسین ،ئەرکەکانی رەئیسی چی دەبن؟!.
دەسەڵاتی رەوتی توندڕۆ ومحافەزەکار لە چوارچیوەی سیستەم لەبەردەم تەنگژەیەکی بونیادی دایە ، خامنەئی بە هۆی تەمەنی زۆرییەوە و نەخۆشی بەردەوامی ، پێویستی بە شوێنگرە هەیە ، شوێنگرەوەش دەبێت کەسێک بێت ، ستراتیژیی بەرکار بەردەوامی پێبدات ، بۆ ئەمەش لە ٥ ساڵی داهاتودا ، رەئیسی ئامادە دەکرێت ببێت بە شوێنگرەوی خامنەئی یا کەسێک هاوشێوەی خۆی ئامادە بکات بۆ ئەم پۆستە باڵا کاریگەرە.
کەواتە یەکەم ئەرکی رەئیسی ، کارکردن دەبێت بە دۆزینەوەی شوێنگرەوەی خامنەئی.
ئەرکی دووەمی: بەردەوامیدانە بە سیاسەتی توندرۆی دەوڵەت لە دەرەوەی سنورەکان ، بەتایبەتی کە ئەو حکومەتەی پێکی دەهێنێت ، حکومەتی محافەزەکار وتوندڕۆکان دەبێت ، حکومەتی رووبەڕوبونەوەی ئەمەریکا دەبێت.ئەو حکومەتەش کە دەستبەکار دەبێت یەک رەنگ دەبێت ، هەژمونی ئیسلاحییەکانی تێاد بنبڕکراوە ، هاسانتر و دەستکراوەتر سیاسەتەکانی بەڕێوە دەبات.
لە سایەی حکومەتێکی ئاوادا ، چیدیکە پرۆکسیەکانی ئێران لە عێراق ، سوریا، لوبنان ویەمەن بە شەرمەوە نابێت بەرگری لە بونی ئێران بکەن ، دەبێت راستەوخۆ وبێ تەردود وەک باڵی ویلایەتی فەقێ لە دژی ئەمەریکاو ئیسرائیل کاربکەن.
ئەرکی سێیەمی: کارکردن وخێارکردن بە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەبێت ، چونکە محافزکارەکان بۆمبی ئەتۆمی بە گەرەنتی مانەوەیان بۆ عەیامێکی دوور مسۆگەر دەکات. ئەم بابەتە گرنگە پێویستی بە کرانەوە وشرۆڤەی زیاتر هەیە .
ئەرکی چوارەمی: سەرکوتکردنی نارەزایەتیەکانی ناوخۆیە ،چیدیکە مامەڵەیەکی تەنها توند لە هەمبەر خۆپیشاندانەکان بەکارناهێنرێت بەڵکو دەبێت زەبری زیاتر لە ئۆپزسیۆنی دەرەوەی سنورەکانی ئێران بوەشێنرێت و قۆناغی تیرۆر بە توندی وەک جاران بژیەنرێتەوە.
کورد لەم نێوەندەدا ، چۆن دەبێت؟!.
– سیاسەتی دژایەتیکردنی بزاڤی رزگاریخوازیی ، کە پەکەکە نوێنەرایەتی دەکات بە هەمان ئاستی بەردەوام دەبێت و، توندتریش دەبێت .
– هەرچی پارتیە لە هەرێمی کوردستان ، ئیدی دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە ، نابێت رۆڵیان تەنها جاسوسیکردن بێت بۆ ئێران ، بەڵکو دەبێت بە پراکتیکیش دژی بوونی ئەمەریکا و ئیسرائیل بن. دانانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی جێگری سەرۆکی پارتی ، بەرتیلدانێکی پێشینەیە ، بۆ ئەنجامدانی کاری گەورە لە بەرژەوەندی ئێران.
– پارتی دەبێت ئۆپەراسیۆنی شنۆ دووبارە لە هەرێمی کوردستان دەرهەق بەو گروپ و کەسایەتیانەی رۆژهەلات ، بەهەماهەنگی ئیتلاعات. تیرۆر و راوەدوونان دەستپێبکاتەوە.
لە کۆتاییدا ، دەمەوێت بڵێم رەئیسی ئەگەر هەموو ئەرکەکانی بۆی دەستنیشانکراوە جێبەجێ بکات ، ناتوانێت شوێنگرەوەی خامنەئی بۆ پۆستی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەر بکات ، لەوێدا لە دەرئەنجامی رەقکاریی بەرامبەر جیهان ودەوروبەر ، دەشکێت و نارەزایەتیەکانی ناوخۆ دەگەنە ترۆپک. خۆپیشاندەرانی تارانی لەم دواییەدا دورشمێکیان بەرزکردەوە ، نە غەزە ونەلوبنان ..گیانم فیدای ئێران.. کە ئەمەش تەواو پێچەوانە لەگەڵ باوەڕو عەقیدەکانی محافزکار و توندرۆکان دێتەوە.با چاوەڕێ بکەین.

هاوبەشی :