ڕاگەیاندنی كەنەكە دەربارەی كۆمەڵكوژی شاری كۆنیای توركیا

320
0
هاوبەشی :

 

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەیەکی کورد ڕایگەیاند كە ئێوارەی دوێنێ دوێنێ ڕوویدا لە شاری كۆنیای توركیا، لە ڕاگەیاندراوەكەدا دەڵێت “دەوڵەتی تورکیا لەو کارانەدا ئەزمونی زۆرە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هەمان رەفتاریشی بەرامبەر ئەرمەنی و یۆنانییەکان کرد. بەهەمانشێوەش هێرشی کردە سەر ئەوان و دواتریش کۆمەڵکوژی کردن. پیلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەلی کوردیش هەمان پیلانە”.

کەنەکە راشیگەیاندووە، “گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندایە. ئێمە لە ژێر هەڕەشەی جینۆسایداین. پێویستە ئەو راستییە بزانرێت و بەپێی ئەو راستیەش کاربکەین. نابێت هیچ کەسێک لە بەرامبەر ئەو هێرشانە پاشەکشە بکات. پێویستە بە شێوازێکی رێکخستنیی پەرە بە خۆپاراستنی جەوهەریی بدرێت. بەتایبەتیش ئەو کوردانەی لە شارە گەورەکانن، پێویستە باشتر خۆیان رێکبخەن و بە رێکخراویی خۆیان بپارێزن”.

دەقی راگەیاندراوەکە

بۆ ڕای گشتی

هێرشی دڕندانەی رەگەزپەرستانی تورک شەرمەزار دەکەین

ئێوارەی رۆژی 30.07.202، لە ناوچەی مەرام لە شاری کۆنیا، رەگەزپەرستانی تورک هێرشیان کردە سەر خانەوادەیەکی کورد. 7 کەسیان کۆمەڵکوژ کردو ئاگریان لە مالەکەیان بەردا. پێشتریش لە 12ی مانگی گولانی ئەمساڵدا گروپیكی 60 کەسیی رەگەزپەرست هێرشیان کردە سەر ئەم خێزانە. چەند کەسێکیان بریندار کرد و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردن.

ئەوەی لە کۆنیا روویدا، هێرشێکی ئاسایی نییە. دڕندایەتی و کۆمەڵکوژییە. ماوەیەکە لە شارە گەورەکانی تورکیا ( ئیزمیر، ئەنکەرە، کۆنیا، ئەفیون، ئاسکیشەهر، مەنیسا،  ئەنتالیا  و هەندێک شوێنی دیکە، هێرشی لەم چەشنە دەکرێتە سەر کوردان. هەتا ئێستا ژمارەیەک کەس کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار کراون. هێرشکارەکان خەڵکی ئاسایی نین و سەربەخۆ ئەو کارانە  ناکەن. پیلانی هێرشەکان لە لایەن دەولەتی تورکیا، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە-ئەردۆگان دادەڕێژرێن. هەر خۆشیان هێرشکارەکان دەپارێزن. ئامانجی هێرشەکان ئاشکران. دەیانەوێت بەو شێوازە کوردان بترسێنن، لە خۆرێکخستن دووریان بخەنەوە و لەناویان ببەن. دەوڵەتی تورکیا لەو کارانەدا ئەزمونی زۆرە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هەمان رەفتاریشی بەرامبەر ئەرمەنی و یۆنانییەکان کرد. بەهەمانشێوەش هێرشی کردە سەر ئەوان و دواتریش کۆمەڵکوژی کردن. پیلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەلی کوردیش هەمان پیلانە.

گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندایە. ئێمە لە ژێر هەڕەشەی جینۆسایداین. پێویستە ئەو راستییە بزانرێت و بەپێی ئەو راستیەش کاربکەین. نابێت هیچ کەسێک لە بەرامبەر ئەو هێرشانە پاشەکشە بکات. پێویستە بە شێوازێکی رێکخستنیی پەرە بە خۆپاراستنی جەوهەریی بدرێت. بەتایبەتیش ئەو کوردانەی لە شارە گەرەکانن، پێویستە باشتر خۆیان رێکبخەن و بە رێکخراویی خۆیان بپارێزن.

لێرەوە ئێمە بانگەوازیی لە هەموو گەلی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئەو دڕندایەتییەدا بێدەنگ نەبن. خۆیان رێکبخەن، لە ناو بزووتنەوەی ئازادیدا جێگا بگرن، لە دژی هێرشکاران راوەستن و خاوەندارێتی لە قوربانیەکان بکەن. دوژمن هەرچیەکی لەدەست دێت با بیکات. خەبات و داخوازیی ئێمە رەوایەو بە دڵنیایی سەردەکەوین.

هەروەها داوا لە رای گشتیی جیهان، هێزە دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان دەکەین، دڕندایەتی دەوڵەتی تورکیا ببینن و پشتگیریی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان بکەن.

ئێمە جارێکی تر هێرشی دڕندانەی نەژادپەرستە تورکەکان ریسوا و شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین.

هاوبەشی :