خاتوو خۆرشیدی مەریوانی

512
0
هاوبەشی :

 

لە وڵاتی ئێمە و لە هەموو جیهانیش دا ژنانێک هەن کە بە گوێرەی ئەو دۆخ و زەمەنەی تێدا دەژین بوونەتە خاوەن خۆڕاگری و هەوڵدانی بێ وێنە. کە هەرچەندە بە گوێرەی راستینە و کاراکتێری سیستەمی پیاوسالارباس لە کەسایەتی نەکرێت، بەرهەمەکانی بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بەهرەی لێ وەرگرێت مەجبور بمێنێت کە بە ناوی پیاوانەوە بڵاوی بکاتەوە یان ئەوەی بەرهەمەکانی ون بکرێت. بەڵام ئەوە راستیەکە کە کەسایەتی وەها ژیاون و پێویستە بۆ ئەوەی ناو و خەباتەکانی ون نەبن پێویست بە تێکۆشانێکی تایبەت و بەرپرسیارتییەکی هەمەلایەنە هەیە. خاتوو خۆرشیدیش یەک لەو مرۆڤە رچە شکێنانەی کوردە کە بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر ژیان کردنی دا تێناپەڕێت بەڵام زانیارییەکی ئەوتۆ سەبارەت بەو لەبەردەست دا نییە. ئەو زانیاریانەی هەن بەم شێوەیەن.

خاتوو خۆرشیدی مەریوانی شاعیر و نووسەری مەریوانی کە ساڵی ١٨٨١ لە هەمان شار لە دایک بووە. ناوی باوکی شێخ مارف کەلووس کە لە شێخەکانی تەڕاتەوەن.بە داخەوە لە سەر ناسنامەی دایکی خاتوو خورشید زانیاری لە بەر دەست نییە.

بنەماڵەی خاتوو خۆرشید لە هەمان ساڵانی منداڵی ئەودا بە هۆی نائارامی دۆخی شارەکە کۆچ دەکەن بەرەو سنە. خاتوو خۆرشید لە ماڵی یەکێک لە ئاغاکانی ئەردەڵان گەورە دەبێت و هەر لەوێ دەنێردرێتە مەکتەب و فێری خوێندن و نووسین دەبێت. بەم شێوەیە لە ئەدەبیاتی فارسی و هەروها عەرەبی شارەزا دەبێت و هەتا ئاستێک فێری زانستی پیت ناسی دەبێت.

خاتوو خۆرشید هەروەها لە بابەتی داهێنان و چنینی قاڵی و هەروەها درووست کردنی رەنگ و نەخشەی قاڵی شارەزاییەکی باشی دەبێت. لەم بابەتەیش دا شێوەیەکی تایبەتی خۆی داهێناوە کە بە “نەقشی خورشیدی” دەناسرێت. هەروەها لەم بەڕێزە چەند کتێب و دیوانی شێعر بە جێ ماوە کە بە داخەوە چاپ نەکراوە.

زانیارییەکی ئەوتۆ سەبارەت بەم بەڕێزە وە باس نەکراوە جیا لەوەی مامۆستا قانع شاعیری باناوبانگی کورد کە دەبێتە کوڕی خاتوو خۆرشید سەبارەت بە شێعرەکانی دایکی چەند بەیتێکی نووسیوە. بەڵام بە داخەوە لە سەر خەباتی دایکی زانیارییەکی ئەوتۆی تێدا نییە.

لە ماڵپەری ژنۆلۆجی وەرگیراوە

 

هاوبەشی :