دادپەروەری کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە

703
0
هاوبەشی :

ژنۆلۆژی

دەستەواژەی دادپەروەری، لە زۆربەی زمانەکاندا وەک دەستەواژەی مێ دەرباز دەبێت. بەڵام بەهەزاران ساڵ ژنان لە نادادیەکی قوڵدا ژیاون. بەرامبەر ئەم نادادیە مامەڵەکردن لەگەل ئەم دەستەواژەیە بەشێوەی مێ دەبێتە هۆی ناکۆکیەکی مێژوویی قوڵ. بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی هەیە. لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا چەندین ژن هەن کە سڕراونەتەوە. ژنانێک ئەشکەنجە کراون، هەندێکی تر سوتێندراون، ڕەجم کراون، وەکو ژنی خراپ یان شێت پێناسە کراون، ڕوو بەڕووی هەموو جۆرە بێ ڕێزی و چەواشەکاریەک بونەتەوە. ئەو ژنانەش کە بەسەرهاتەکانیان نازانرێت و نەنوسراوەتەو ژمارەیان لەوانەی تر زیاترە. هەروەها چەندین ژن هەن کە بۆ مافەکانی خۆیان بەرگریان کردووە بەڵام لە لاپەڕەکانی مێژوودا هیچ شوێنگەیەکیان بۆ تەرخان نەکراوە. ئەو ژنانەی بەدوای پرس و مافەکانیانەوە بوون وەکو لەیلا قاسم، شیرین عەلەمهولی، ڕۆزا لوکسەمبۆرگ، ئۆلیمپ دە غۆش، ساکینە جانسز ڕوو بەڕووی گەورەترین ناحەقی و توندوتیژی بونەوەتەوە.

دادپەروەری بە پەیکەری ژنێک دەناسێنرێت کە لە تاجەکەی سەریدا سەمبۆلی گەنم دەبینرێ و لە دەستەکەی تریدا شمشێر و لەبەردەم کۆلێژەکانی مافدا، دادگاکان و ناوەندەکانی داد دانراون بەڵام لە هۆڵەکانی دادگادا سەبارەت بەو بڕیارانەی لەسەر ژنان دەدرێن گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ نیە. ئەو ژنانەی دەستدرێژیان کراوەتە سەر، دەبێ بۆ سەلماندنی ئەو دەستدرێژیە بچێتە هۆڵەکانی دادگا، ئەگەر نا ناتوانێ ئەو تاوانە بسەلمینێت. کاتێ دەچێتە ناوەندەکانی گوایە دادوەری، لەلایەن دادوەر، پزیشک، پارێزەر، یانیش زانایانەوە بە ڕێبازی دیکە ڕووبەڕووی هەمان هەلوێست دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەیە کە ژنان لە بەدواداچوون و بەسەرکردنەوەکانیان دا پەشیمان دەکرێنەوە. لە هەندێک لە وڵاتاندا لەبەر ئەوەی ژنان دادی خۆیان دەخەنە ڕوو لە ڕوداوەکان دا، زیندانی دەکرێن یانیش دەکوژرێن. وەک ڕێحانە جەباری کەلە ئێران لەسێدارە درا. ژن داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەو ژنانەی داوای مافی خۆیان دەکەن بەپێی یاسا فەرمیەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی لێی داون، فرۆشتونیان و کڕیونیان، هاوسەرگیریان پێ دەکرێت. بەو جۆرە وەڵامی داواکانی ژنان بۆ مافەکانیان دەدرێتەوە. پیاو پەلاماری کچانی منداڵ دەدەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر، کەچی ئەو کچە منداڵە بەناوی ئەوەی هەستی پیاوی وروژاندووە تاوانبار دەکرێت و ئەو پەلامارە پیاوانەیە ڕەوا دەکرێت.

سەمبولی ئاماژەپێکراو کە وەک دادپەروەری ژن و یەکسانی پێناسە دەکرێت بەڵام چاوی ئەو پەیکەرە بە پەڕۆیەک بەستراوە. هەرچەندەش ئەم چاو بەستنەوەیە ئەگەر وەکو سەمبولی دادپەروەری و یەکسانیش بێت بەڵام بۆ ئەوەی ئەو ڕوداوانە نەبینێ چاوی دەبەسترێتەوە، لە راستی دا  چاوی خوداوەندی ڕاستی بەستراوە. لە پەیمانگاکانی مافدا ساڵانە هەزاران داواکاری گشتی، پارێزەر و دادوەر پەروەردە دەکرێن. بەڵام لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەشدا لەهەموو لایەکی جیهانەوە بێ مافی و نادادی زیاتر دەبێت. ئایا ئەمە هەڵەی پەروەردە و پێناسەکردنی ئەو ناوەندانە نیە؟

 

تەنها ژنان نین لە ژێر ستەمدا دەژین، زۆرێک لە بەشەکانی تری کۆمەڵگە، گەل، نەتەوە و باوەڕی لەژێر زەبری ستەم و نادادی دا دەژین. هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان تا دوا ڕادە بەپێی بڕیارەکانی تاوان و سزا دیاری کراون و دادگایی دەکرێن. ئەو بڕیارانەی لە بواری دادگەریەوە دراون و یاسای گشتیش هەر بۆ پیاوانە، بەپێی ویستی پیاوان پێناسەکان دەکرێن و مافی ئازادیش هەر بەپێی ئەوان دیاری کراوە. هەزاران ساڵ سەبارەت بە ژنان تەنها یەک بڕیار نەگۆڕدراوە، ئەویش دەربارەی ژنی ماڵە. پیاو وەکو سەرۆکی ماڵ و سەرمایەی ماڵ پێناسە دەکرێت. هەتا ئەم ساڵانەی دوواییش ئەم بڕیارە لە زۆربەی یاسا دانانە گشتیەکاندا هەبوون و لە زۆر بوار یان زۆر وڵاتدا هەتا ئێستاش پەیڕەو دەکرێن.

بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژن چەندین سەدەیە، لە پێناو دەستەبەرکردنی یاسای یەکسانی و سیستەمێکی دادپەروەرانە تێدەکۆشێت، لەو پێناوەش قوربانی گەورەی داوە. لە چەندین بەڵگەی نێونەتەوەیی و پەیمانەکاندا سەرەڕای ئەوەی باسی هەندێک لە مافەکانی یەکسانیش دەکرا، لە یاساکاندا بۆ ژنان و دادی کۆمەڵایەتی هیچ بڕیار و پەیمانێک نیە و هەمووی بۆ مافی پیاوان و دەسەڵاتدارێتی یانیش دەوڵەتەکانە.

 

قسەیەکی پێشینان هەیە دەڵێ بۆ ئەوەی گۆشت خراپ نەبێ خوێی پێوە دەکەن. ئێستا ئەو یاسایانە خراپ بوون و ئەگەر خوێشیان پێوە بکرێت هێشتا بەکار نایەن. یاساکانی دەوڵەت پڕکێشەیە، بۆ کۆمەڵگە نیە، پێویستە یاسا بەپێی ئەخلاقی کۆمەڵگە دابڕێژرێت، بەڵام یاسای ئێستا لەسەر سیستەمی دەوڵەت داڕێژراوە و لە دژی کۆمەڵگەیە. پێداویستی گۆڕینی یاسا، لە ناخەوە هەستی پێ دەکرێت و ئەرکێكی زۆر بەپەلەیە.

لەسەر ئەم بابەتە وەک تەڤگەری ئازادی پێویستی بە پێگەیەک دەبینین کە لە کرۆکی خۆیدا دادوەر بێت. ئەخلاق ئەو بنەما کۆمەڵایەتیانەیە کە بۆ جاری یەکەمین لەدەورو بەری ژندا چنراون، ئەو تەونەیە کە ئەندامانی کۆمەڵگەی بەیەکەوە بەستۆتەوە. لەلایەن دەوڵەتەوە یاسایان بەرامبەر ئەخلاقی کۆمەڵگە و پێوانە ئەخلاقیەکاندا داڕشت. لەگەڵ بابەتەکانی بازرگانی، جیابوونەوە و میرات، پێوانە یاساییەکان داڕژران بەڵام ئەم یاسایانە بەپێی پێویستیەکانی گەل نەبوون و بەپێچەوانەوە مافی گەلیان پەراوێزکردووە. موڵکایەتی و مافی دەسەڵاتدارانیان بەو شێوەیە پاراست. ئەو یاسایانەی لە دژی ژیانی ژنان پەرەی پێدرا لەهەمان کاتدا لەدژی کۆمەڵگە، خێزان و هەژاران هەتا ئێستاش بەردەوامە. بەو یاسایانە لە دژی ژنان، پیاو دەپارێزرێت. لەدژی کۆمەڵگە، دەوڵەت دەپارێزرێت. لەدژی هەژاران، دەوڵەمەندەکان دەپارێزرێن. ئەو ڕاستیە زۆر شێوێندراوە. هەر لەبەر ئەمەیە کە دژی بێ مافی-نادادی-ستەم لەسەرەتای مێژووەوە تا ئێستا ئەخلاقی کۆمەڵایەتی لە ململانێ و تێکۆشانێکی مەزندایە. ئەم هێڵە بەرگریکارە بۆتە سەرچاوەی بەردەوامی ئێمەش بە تێکۆشان. ئەو هێڵەی بەرخودان و دادپەروەری لەسەر  بنەمای ڕاستی ژنان پەرەیسەندووە، بناغەیەکی پتەوە. کاروانی رێیمان لەسەر ئەو بناغە پتەوەیە. بەو نرخ و کەلەپورە مەزنانە سەیری کێشە دادگەریەکانی ژن دەکەین دەبینین کە پێویستی بە دارشتنەوەیەکی ڕیشەییە. بۆ ئەوەی داد-دادوەری، ژن-کۆمەڵگە بگاتە ئەنجامێکی بەرچاو دەبێت پەرە بە داڕشتنی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ژنان بدرێت. ئەگەر ئەوە بکرێت ئەوە دەبێتە سەرچاوەی ڕاستکردنەوەی سیستمی ژیانی ژنان.

لەسەرەتای پەرەسەندنی شارستانیەتی ناوەندی و زهنیەتی دەسەڵاتدارەوە هەمیشە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی چەواشەکراوە. ئەو ڕاستیە لەسەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش دا بەئاشکرا دەبینرێت. لە ڕاستیدا لە سەردەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری دا ئەخلاقی کۆمەڵایەتی لەناو دەبرێت. ئەم سیستمە مرۆڤ و کۆمەڵگە دەخاتە دۆخی ڕۆبۆتبونەوە. دڵنیایین لەوەی ئەم دۆخەکە بە ئەخلاقێکی ڕاست یان زانستێکی تێگەیەنەر دەتوانێ ڕاست بکرێتەوە. لەبەر ئەوە ڕێبەرایەتیمان ئەخلاقی وەکو بوارێکی بناغەی ژنۆلۆژی هەڵسەنگاند و  خستیە سەرتۆپی هەموو بابەتەکانەوە . لەو پێناوەدا هەڵسەنگاندنێکی وەهای کرد؛ “ژن وەک سەمبولی بنەڕەتی یان ئەندامی ڕەسەنی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی دەتوانێ لە ڕوناکی ئازادی، یەکسانی و دیموکراتیزەبوون، ئەخلاق و ئیستاتیکای ژیاندا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت. زانستی ئەخلاق و ئیستاتیک بەشێکی بنەڕەتین لە زانستی ژن. لەبەر بەرپرسیارێتی ژن لە بوارەکانی ژیان دا، پێویستە ژن هەم لەبواری فیکریدا هەم لە بواری کردەیی دا ئەنجامی مەزن بەدەست بێنێت. لەبوری ئەخلاقیدا بەرپرسیارێتی ژنان زیاترە. ژن لەبواری پەروەردە کردنی مرۆڤی باش و خراپدا، گرنگی ژیان و ئاشتیدا، خراپەکاری و دڕندایەتی شەڕدا، تێبینی کردنی ماف و دادوەری دا، زیاتر خاوەنی نرخاندن، بڕیار و بەرپرسیارێتین. بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بەپێی تایبەتمەندێتی سروشتی ژن، خۆڕسکانە بەو ئەرکانە هەڵدەستێ. من باسی ئەو ژنە ناکەم کە بۆتە گەمە و سێبەری پیاو. ئەو ژنەی جێگای باسە ئەوەیە کە لەجەوهەری خۆیدا بەرەوپیری ئازادی، یەکسانی و دیموکراتیزەبوون دەکات”.

کاتێک لە ڕووی مێژووییەوە لێی بڕوانرێت، پرەنسیپە ئەخڵاقیەکان بۆ جاری یەکەم لەلایەن ژنانەوە پەرەیپێدرا. هەروەها لە توێژینەوە مێژووییەکانیش جارێکیتر دەبینرێت، ئەو ژنەی پەرەی بە بنەما ئەخڵاقیەکان داوە ڕووبەڕووی نادادپەروەری دەبێتەوە و مافەکانی پێشێل دەکرێت و بۆتە قوربانی و باجی قورسترین تاوانەکانی نادادپەروەری دەدات. لەو دەوڵەتانەی یاسا بە سەروەری خۆیان دەزانن، وەک دیموکرات خۆیان پێناسە دەکەن، تا دەگات بە دەوڵەتە دکتاتۆرەکان، سەرجەمیان دژ بە ژنان نایەکسانن و مافەکانیان پێشێل دەکەن. لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ئەوە زۆر بەڕاشکاوی دەبینرێت. ڕێبەر ئۆجالان لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ شاندی دانوسانی ئیمرالی، هۆکاری ئەو گێژاوە بەو شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت؛ “چارەسەری خۆی لە لایەنی یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری دەبینێتەوە. دادپەروەری ژن، بۆ هەموومان دادپەروەری سەرەکیە”. ئەم هەڵسەنگاندنانە جارێکی تر دەمانخاتە ژێر بەرپرسیاری و ڕۆڵی خۆمان بیردەخاتەوە. سیستەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەزاران ساڵ بەردەوام بووە، چونکە بە دادپەروەری ژن پەرەی سەندووە و بە بەرخۆدانی خۆی و ڕەهەندە ئەخڵاقیەکانی تا ڕۆژی ئەمڕۆمان هاتووە، لە بەرامبەر سیستەمی دەوڵەتگەرایی و ئەقڵیەتی نادادپەروەری بەرگری لە بوونی خۆی کردووە.لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، مەگەر بە تێگەیشتن و پێشەنگی ژنان، جارێکیتر پێچەوانە بکرێتەوە و کەم و کوڕیە ژیانییەکانی راستبکرێتەوە. بۆ قوڵبوونەوە لە ڕووی هزریەوە، پێویستە خاوەن ڕوانگەیەکی میژوویی و پرۆژەی ڕۆژانەیی بێت. بۆ ئەوەی ئەو نوسینە ببێتە سەرچاوەیەکی مێژوویی و لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا زیاتر لێی تێبگەین، لەو باوەڕەداین گرنگە کە بە دیدگا و لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەستی پێبکەین.

سەبارەت بە داد ئەوەندە نوسین و لێکۆڵینەوە هەن کە؛ تێگەیشتن و تێپەڕاندنیان لە ژیانی ڕۆژانەدا خۆی لە خۆیدا پڕە لە ناکۆکی. لە جیهانیش لێکدانەوەی جۆربەجۆر بۆ داد دەکرێت. هەرکەسە و بە بەپێی خۆی شرۆڤەیەک یاخود پێناسەیەکی بۆ دەکات و بە لای خۆی دا دەیشکێنێتەوە. کەس نیە باسی داد نەکات، هەرکەس ئەم زمانە بەکار دێنێت، کەواتە لە سیستەمی دەسەڵات –  زوڵم و داگیرکەریدا هەر دەستەواژەیەک بە پێی خۆی بەکاری دەهێنێت. دادپەروەری کۆمەڵگەی مێژوویی چەواشە دەکرێت و بەو شێوەیە پێشکەش بە کۆمەڵگەکان دەکرێت، واتا داد تەنها وەک هاوتای یاساکان پێناسە دەکرێت. هەڵسەنگاندێکی بەو شێوەیەش دەبێت هۆکارێک بۆ ئەوەی تێگەیشتنی کەم بهێنێت و بە شێوەیەکی ڕووکەشیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. پێناسەکردنی دادپەروەری وەک دەسکەوتێکی سەردەمی نوسین، هەڵەیە و پڕکەموکوڕیە، بەڵام هەمیشە ئەو ڕێبازە تاقی کراوەتەوە. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو دەستەواژەیە و ناوەڕۆکەکەی لە یەکداببڕێن و ڕاستیەکەی ون بێت. بەهاکانی داد و دادپەروەری لەو ڕوانگەیەوە ون دەکرێن. تێگەیشتن و چاودێری کردنی داد- دادپەروەری پێویستی بە هەندێک گۆڕانکاری هەیە. ئەو پێویستیانەش بەر لە هەموو شتێک بە شۆڕشی زهنی و ویژدانی دەستەبەر دەبن، هەروەها دەبێت لە سەروبەندی پێشخستنی شۆڕشی زهنی و ویژدانی داد-دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت، تا بتوانین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە تێگەیشتن و تێڕوانینەکانمان دروست بکەین. لە پێناسەکردنی دادپەروەریدا چەندە ئاسۆکانمان، هێز و چاودێریکردنمان نوێ بکەینەوە و بە کراوەییی بهێڵینەوە، ئەوەندەش ئەنجامێکی دەوڵەمەندمان دەست دەکەوێت. بەو شێوەیە دەتوانین دادپەروەری بخەینە ناوەندی ژیان، سروشت و گەردون.

وەک پێناسە، داد بە واتای ڕاستی، دروستی، هاوسەنگی، یان هاوسەنگی نێوان تاک و کۆمەڵگە و هاوتاکردن و یەکسان کردندا بەکار دەهێنرێت. بەڵام ئەوە لایەنێکی ئەم دەستەواژەیەیە. رێبەر ئۆجالان بەو شێوەیە پێناسەی داد-دادپەروەری دەکات: “دەکرێت دادپەروەری ڕاست، بە یەکسانی لەنێوان جیاوازیەکاندا جێبەجێ بکرێت.” وەک لەو پێناسەیەیدا بەدی دەکرێت، داد-دادپەروەری جیاوازیەکان دەپارێزێت، خۆی لەیەکسانی و هەماهەنگی دەبینێتەوە. کەواتە بۆ ئەوەی لە دەستەواژەی دادپەروەری تێبگەین دەبێت ڕیشەی ئەم دەستەواژەیە بگەڕێنینەوە بۆ گەردوون و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکەین.

دادپەروەری سەرجەم زیندەوەران لە خۆدەگرێت، بەتایبەتی زیندەوارانیش خۆیان گەردوونێکن. لە دروستبوونی گەردونیشدا دادپەروەری هەیە. گەردوون خاوەن سیستەمێکی دادپەروەرە. زانایانی فیزیای کوانتەمیش گەیشتونەتە هەمان ئەنجام. خرۆشانی گەردوون، پڕیەتی لە جیاوازی، یەکانگری جیاوازیەکانی گەردوون، دەبنە تەواوکەری سروشت. ئەو تروسکەی تەقینەوە گەورەکە(بیگ-بانگ)ی لێكەوتەوە ئاماژەیەکە بۆ پەرجوی گەردوون کە بەرەو دەوڵەمەندی هەنگاوی ناوە. ئەم خۆی لە خۆیدا گوزارشت لە ڕێککەوتنێکێک یان خۆسازدانی گەورە دەکات. لە گەردیلەوە بوون بە خاک، ئەستێرە، ئاو، گیانلەبەر و دروستبوونی ملیۆنان زیندەوەریتر، خرۆشان و جوڵەیان بە شێوەیەکی ئازاد و ئافراندنیان و بەردەوامیان، پەیوەندیەکی هاوگوزەرانیە و گەردوون و وسروشت بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەو جیاوازیانە یەکتری لەناو نابەن، گوشار لە یەکتری ناکەن و کاریگەری نەرێنی ناکەنە سەر یەکتری و ، یەکەم زیندەوەری دەستی بە ژیان کرد تا ئێستاش ڕەسەنایەتی خۆی پاراستوە. ئایا جگە لەم پەرجوە ئەبێ چی هەبێت. ئەوە بوونێکە مرۆڤەکان دەتوانن بە چاوی مرۆڤ نا، بەڵکو بە هەست و ئاقڵی بەرزی مرۆڤ لێیان تێبگات. داد-دادپەروەری لەناو هەموو زیندەوەرەکاندا، ڕەنگ و جیاوازیەکاندا بە شێوەیەکی یەکتر تەواوکەر بەدی دەکرێت. لە گەرد و و سروشت دا خۆرسکانە ئەم سیستەمە بەڕێوەدەبەن و ، بەردەوامی پێدەدەن.

کاتێک سەرنج بدەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە سروشت-گەردوون سازش لەو سیستەمەی خۆبەڕێوەبەردنیان ناکەن. هەموو شتێک لەناو هاوسەنگی دایە. هەرچەند جانەوەرێتی سەرمایەداری سیستەمی سروشت-ئەکۆلۆژیای خراپ کردبێت، بەڵام هەرگیز سروشت و گەردوون دەستبەداری ئەو هاوسەنگیەی نەبووە. ئەگەر لە گەردوون دا شەپۆل-گەرد لەناو جوڵەدا نەبوونا، خوڵقانی ئەو هەموو جیاوازیەش مەحاڵ دەبوو. بەرچاوترین نمونە سروشتە. دادوەری لە سەرجەم زیندەوەرەکانی گەردوون دا هەیە، لە دروسبوونی وەرزەکان بگرە تا بە قەوزەی ناو ئاو، لە زیندووە یەک خانەکان بگرە تا دەگات بە زیادبوونی ملیۆنان زیندەوەر.

لەو ڕوانگەیەوە ئێمە داد-دادپەروەری بە هێز، لە دەسەڵات و ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری پیاودا نابینین، بەهێندەی ئەوەش جیا لە کەلەپورێکی مێژووی کۆمەڵگەکان نایبینین. چونکە گەر ڕوانگەمان بۆ دادپەروەری ڕاست نەکەینەوە، ئەوا بەرەو هەڵەی گەورە دەچین. دادپەروەری گەردوون بەرەو سروشت و لە سروشتیشەوە بەرەو مرۆڤ و لە مرۆڤیشەوە بەرەو کۆمەڵگەبوون هاتووە. یەکێک لە گرنگترین حكمەتەکانی داد-دادپەروەری جێگیر بوونیەتی لە ویژدانی مرۆڤەکان دا.

هاوبەشی :