شەڕی شاراوە لەئاسمان ، ئەنجام لەسەر زەوی
نوسینی:- عادل عوسمان
ئەم ڕۆژانە لە چوارچێوەی ئەو شەڕە جیھانیەی کە بەردەوامی ھەیەو لاشەی مرۆڤەکان و سروشت و سەرزەوی دەھاڕێ و دەسوتێنێ. شەڕێکی گەورە لەڕێگەی تەکنەلۆژیای پیشەسازی سەربازیەوە بەڕێوەدەچێت. ئەمجارە وەک شەڕەکانی پێشوو بە مرۆڤ و لەبەرامبەر یەکدا لەسەر ئەرز بەڕێوەناچێت. بەھۆی دەستگەیشتنی مرۆڤە بێ ویژدانەکان بە زانستی! پێشکەوتوی ھونەری چەکسازی ئەمجارە لە ئاسمان بۆ خاڵێکی ستراتیجی و ژیانی لایەنی بەرامبەر لەسەر خاڵێکی دیاریکراوی سەر زەوی بەڵام کاریگەرو جەرگ بڕ.
ھێرشە موشەکی و ھەواییەکان لە ئاسمانەوە ئاراستەی ئەو خاڵانە دەکرێت کە کاریگەرو کوژەرن، ئەوەی دەتوانێت ئەم ھێرشانە بەڕێوە ببات، ھەموانن. واتە ئەوانەی کەبیر لە دەست گەیشتن بە تەکنەلۆجیای سەربازی پێشکەوتوو دەکەنەوە، جاکەم یان زۆر گرنگ دەتوانێت ئەنجامێک بەدەستبخات بۆیە ئەم شەڕانە گۆڕەپانەکانیان جیاوازەو ئەنجامەکانیشیان جیاوازتر. ئەگەر لەکۆندا شەڕەکان بەزۆری لەسەر زەوی و لەڕێگەی بەرامبەرکێ و یەکلایی کردنەوەی ھاوپەیمانی و بەرەکانەوە بەڕێوەدەبرا. ئەوا لەم سەردەمە نوێیەدا لەڕێگەی بەردەوامی پێکەوەیی و ناکۆکیدا بەڕێوە دەچێت. واتە لایەنە شەڕکەرەکان ھەم پێکەوەن، ھەم دژی یەکن. واتە لەسەر بنچینەی پەیوەندی و ناکۆکیە.
ئەگەر شەڕەکانی جیھانی یەکەم و دوھەم لەنێوان وڵاتان و کارتێلە ئابوریەکانی ناوەندی قازانج و سەرمایەدا بەڕێوەدەبرا. ئەوا ئێستا لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری وەک یەکەیەکی گرێدراو پێکەوە ولە بەرامبەر کۆمەڵگەشدایە. ئەمە دێتە واتای ئەوەی؛ کە شەڕەکانی جاران بەداگیرکردن، یان سڕینەوەو لەناوبردنی یەکێک یان بەرەیەک لە لایەنە شەڕکەرەکان تەواو دەبوو. سەرکەوتن بۆلایەک و بەگوێرەی لایەنی براوە دەسکەوتەکانی شەڕ دابەش دەکرا. واتە کێکەکە بەزۆری بۆ لایەنە براوەکان دەبوو!. بەڵام بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پیشەسازی جەنگیەوە لە ئەتۆمەوە بۆ نایترۆخین و نانۆ و زۆر شتی تر ئاستی شەڕەکان و ھاوکێشەی ھێزی لایەنە شەڕکەرەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھاتوە. کە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی دەستگرتن بەسەر ئەوانی تردا نەتوانن وەک جاران بە تاک یان بەرەلایەنی زۆرترین بڕیارەکان بدەن. بەڵکو بەو ئاستە گەیشتوە کە بوەتە سیستەمێکی بەڕێوەبردنی دەسکەوت و قازانج، کەبەشێوەی پێکەوەیی نەک سڕینەوە، ئەوشەڕانە بەڕێوەببەن و دابەش بکەن. سەیری عیراق، سوریا، لیبیا و ھەروەھا…… بکەن دەبینین لایەنەکان ھەم پێکەوەن ھەم لە دژن، ھەم پێکەوەن ھەم ناکۆکن!.
ئەوە بەو واتایەیە شەڕە ناوخۆییەکانی سیستەمی قازانج – سەرمایە کە ناوەندی ئابوری – سیاسی جیاواز بەڕێوەی دەبردو لەدژی یەک لەشەڕدابوون! ئێستە بەوە گەیشتون کە ھیچ ناوەندو کارتێلێکی ئابوری ناتوانێت ئەویتر بەڕێوەببات و ناوەندە جیاوازەکان بە ئاوازی خۆیان بخوێنن. وەھەر ناوەندێکیش بەتەنیا کارەکانی بەڕێوەببات. بەو ھۆیەی کە دەسکەوتە زانستی تەکنەلۆژیەکان کەوتوەتە خزمەتی چاوچنۆکی قازانج پەرەستی و دەسکەوتەوەو بونەتە ھێزی ھەڕەشە بۆسەر یەکتری. کەواتە ئەم دەسکەوتە پیشەسازی سەربازیە چی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ئەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا کە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری نەک لەناو خۆیدا، کەئەوەسروشتەکەیەتی، بەڵکو لەدەرەوەی خۆیدا وەک کۆمێکی پێکەوەیی دابەشکاری لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا بکەن و پێکەوە ئەو شەڕانە بەڕێوەببەن. بۆیە ئێستە سروشتی شەڕەکان جیاوازەو پێکەوەو بەدابەشکاری بەڕێوەی دەبەن. سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایە لەدوو لایەنەوە بەو ئاکامە گەیشتوە کە چۆنیەتی شەڕەکان و دەسکەوتەکان شرۆڤەبکات:
یەکەمیان؛ وەک ناوخۆی سیستەمەکە، کە ناتوانێت بەشێوەی کۆن بەڕێوەبچێت.
دووەمیان؛ وەک سیستەمی کۆمەڵگە، کە دژ وەستانەوەیەکی کۆمەڵگەیی و بەسیستەم بوی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک” ھەرچەندە وەک بەسیستەم بونی کۆمەڵگە لەقۆناغە سەرەتاییەکانیدایە“ لەبەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە.
بۆیە لەو گریمانەیەوە سەرەڕای ناکۆکی و سروشتە خۆپەرستەکەی ناوەندەکانی سەرمایە قازانج گەیشتونەتە ئەوەی کەوەک سیستەمەکە لەبەرامبەر سیستەمی کۆمەڵگەدا پێکەوەییەک دروست بکەن. بۆیە شەڕەکانیان شەڕی دوا گورزی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە لە کۆمەڵگەبوون و تەفروتوناکردنی و دەست بەسەرداگرتنی. واتە شەڕەکان لێدانە لەو دەرکەوتنەی سیستەمی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، کەوەک مۆتەکەی ترس لەمەرگی مۆدێڕنیتەی سەرمایە دەرکەوتوەو خۆی نیشانداوە، کە ئەویش واتە ژیانەوەی سەرلەنوێ بنیات نانەوەی کۆمەڵگەبونی سروشتی و پێکەوەیی وھەرەوەزی مۆدێڕن. بۆیە شرۆڤەی دیاردەی ترامپ – بایدن و سەرھەڵدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواو کاریگەریە جیھانیەکانی لەسەر بزوتنەوەی مرۆڤە ڕەشەکانی ئەمریکاو بزوتنەوەی ئەنتیفا، فیمینیست،ئازادیخوازەکان پڕ مانا دەبێت.
لێرەوەیە کە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لەڕێگەی چەکە پێشکەوتوەکانیەوە لە ناوەندەکانی ئەو ھێزانە دەدات کە دەیەوێت ڕامیان بکات، بەبێ ئالۆگۆڕی کۆمەڵایەتی. چونکە دەترسێت کە ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانە بە قازانجی ئامانجەکانی نەشکێتەوە. وەک چۆن لەدیاردەی داعشدا بەھۆی کوردی ئازادەوە توشی شکستی جەرگ بڕبوو. ئەگەر سەیری ئاراستە موشەکیە ئەمریکیەکان لەدژی ئێران بکەین بەجوانتر ئەوشرۆڤەیەمان بۆ ئاسان دەبێت. شەڕێکی بەرەیی ئاشکرا لەنێوان ئەمریکا – ئێراندا نیە! بەڵام لەڕێگەی ھێرشی موشەکیەوە بڕستی لە پیشەسازی ئەتۆمی ئێران بڕیوەو لەسەرچاوەکانی وزەی کارەبا دەدات. بەوە ھەموپیشەسازی ئێرانی توشی شەلەلی گەورە کردوە. لەم چەند ڕۆژانەدا، ئێران پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری کارەبای لەسەر پیشەسازی چیمەنتۆو ئاسن بڕی کە بنچینەی پێشکەوتنی قازانجی ئابوری ئێڕان بوو.
ئەو شەڕە کە شادەماری ئابوری ئێرانی پچڕیوەو توشی ھێزو وزە لەبەر ڕۆیشتنی کردوە، بە ئاستێک گەیشتوە کە گۆڕەپانەکانی شەڕ بۆدەرەوەی ئبڕان و فراوانتر بکرێت. بۆیە خۆێندنەوەی ھێرشە درۆنیەکانی سەر ھەولێر ھەم پەیامە بۆ ڕایەدارانی کوردی دەسەڵاتخواز، ھەم لێدانە لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا. بۆیە زۆرترین شەڕەکان لەڕێگەی چەکی پێشکەوتوی ئاسمانیەوە بەڕێوەدەبرێت و لەسەر ئەرز ئەنجامی پێ بەدەست دەخرێت.
ئەم سیستەمە ھێندە دڕو چاوچنۆک بوە لەڕێگەی چەکە ئەتۆمی و ھێزە دڕندە سەربازیەکەیەوە دەیەوێت لە کۆمەڵگە بدات و تەفروتونای بکات. بۆیە وێستگەکانی ھەبونی بەرخۆدانی کۆمەڵگەیی بەبناغە گرتوەو لەڕێگەی تۆڕە دڕندە توندڕەوەکانەوە لە دژی ناوەندە کۆمەڵگەییەکان ھێرشەکانی دەکات. لێدان لە ئەفغانستان، لەعێراق، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەو چوارچێوەیەدایە. لەناو ئەو چوارچێوەیەشدا لێدان لە ھەندێ پنت بۆخۆی سەرنج ڕاکێشە. بۆنمونە لێدان لەفەلوجە لە عیراقدا، شەڕ لەشەنگاڵ و ھێرشە قڕکەرەکانی سەر ڕۆژئاوا، ھەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ئیمراڵی بۆخۆی ترسی مۆدێڕنیتەی سەرمایەیە لەسەر سەرلەنوێ بنیات نانەوەی کۆمەڵگەبونی ئازاد. کە تاک و کۆمەڵگە بۆئازادی بەبناغە دەگرێت.
ھەندێ چەمگی تەسک بینی ڕاستڕەو، ڕادیکال، چەپگەرا، ئانارشیست و پۆزیفیست ئەو پێشکەوتنانەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک نابینن کە چەند گەورەو گران لەسەر مۆدێڕنیتەی سەرمایەداڕی تەواو دەبێت. پێشکەوتنی تێکۆشانی فیمینیستی بۆ ژنۆلۆژیست، کۆمەڵگەی ھەرەوەزی و ڕەخنەگرتنی ناوەندێتی مرۆڤ و گێڕانەوەی ئەم مرۆڤە بۆ یەکێک لەبونە زیندوە سروشتی و گەردونیەکان، لێدانێک بوو لەچەمکی قازانج پەرستی سەرمایەداری بۆیە، ئێستە ئەو شەڕانەی بەڕێوەدەچێتدوونجۆرە؛
یەکیان، ئەوشەڕانەیە بۆلێدان لە ڕێگریەکانی قازانج پەرستی سەرمایەی فینانسە.
ئەویتریان، شەڕی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە، بەرامبەر مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک.
جاران دەوترا سەرمایە ترسنۆکەو لەو شوێنانەی شەڕو ئاژاوەی لێبێت ھەڵدێ. بەڵام پێشکەوتنی تەکنەڵۆژی سەربازی ئەو وتنەشی ھەڵگێڕایەوە. ئێستە لەڕێگەی تەکنەلۆژی سەربازیەوە سەرمایە باشترین کایەی بەرھەمھێنانی قازانجی دەستەبەرکردوە. بیھێنە بەرچاوت جۆرە چەکێک بە ملیون یان ملیونەھا دولاری دەفرۆشرێت و قازانجەکەشی سەرسوڕھێنەرە. تەکنەلۆجیای دەنگ و زانیاری ھەم تەکنەلۆژیای سەربازی دەیپارێزێت ھەم گەورەترین قازانج بەدەست دێنێت. ئەگەر سەیری ئامارەکانی قازانجی ئەو بوارانە بکەیت و بەراوردی بکەیت بە ڕێژەی ھەبونی ھەژاری و برسێتی و بەرزبونەوەی ھەژاری! ئەو کات دەبینیت دڕندەیی ئەم سیستەمە قازانج پەرستە لە چ ئاستێکدایە کە ئەقڵ و ئاوەزی مرۆڤ ھێشتا نەگەیشتوەتە قبوڵ کردنی بۆیە ئەم سیستەمە قازانج پەرستە دەتوانێت درێژە بەتەمەنی خۆی بدات.
بەرەوپێشچونی بواری زانست و تەکنەلۆژیاو پیشەسازی سەربازی وای کردوە کە گۆڕەپانی شەڕو ھاوکێشەی ھێز ئالۆگۆڕی بەسەردابێت. زانستی سەربازی تەنیا پەیوەندی بە پێشکەوتن و پیشەسازی سەربازیەوە نیە. بەڵکو دونیابینی و چۆنیەتی بەکارھێنانی لەگەڵ ئیرادەدا جێگەی لەسەر ڕاوەستانە. بۆیە کاتێک پەیوەستی دەکەیتەوە بەتێکۆشانی ئازادی گەلی کوردو دونیابینی و ئیڕادەکەیەوە دەبینیت، چۆن لێگەڕینی تێکۆشانی ئازادی سەرەڕای دەرفەتە کەمەکانی بەڵام چونکە بۆ ئامانجێکی مەزن بەکاری دێنێت، دەبینیت بەرامبەر بەسیستەمی پێشکەوتوی ناتۆ – تورکیا چەند ئەنجام گیرترە.