کوشتنی ژنـــــان، یان باشتر وایە بڵێین “کوشتنی ژیـــــان”! “ژن، مەکوژە، کە ژن خۆی ژیانە .. ئازادیە!”

717
0
هاوبەشی :

نوسینی :- ئیسماعیل سەلام

میستەر کلاودیۆس جەیمس ڕیچ، ساڵی ١٨٢٠، گەشتێک ڕێک دەخات بۆ باشوری کوردستان و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە. یەکێک لەو شتانەی کە ئێجگار پێی سەرسامە و سەرنجی زۆری بەلایخۆیدا ڕاکێشاوە، “ئازادی و شکۆمەندی ژنی کوردە”. لە هاتووچۆی بازاڕدا و لە قسەکردن و گفتوگۆ لەگەڵ پیاواندا، لە شایی و زەماوەنددا، لە پۆشینی جلوبەرگدا، زۆر ئازادن و دەبینێ بە بەراوردکردنیان لەگەڵ ژنانی عەرەب و ژنانی تورک، ژنە کوردەکان زۆر ئازادن، نە لەچکی شێوە عەرەبی و تورکیان بەسەرەوەیە و نە لەژێر پۆشاکیشدا پێچراونەتەوە. هەموو ئەو بەرگ و پۆشاکەی کە ژنانی کورد پۆشێویانە بۆ جوانیە و هیچی هی ئەوە نیە بەسەریاندا سەپێنرابێت!*

مێژووی ڕابردووی گەلی کورد پڕە لە ژنانی پێشەنگ و بوێر و ژنانی دیاری ناو مێژوو، ژنانی شاعیر و ئەدەبدۆست و تەنانەت فەرمانڕەواش! بەداخەوە، لە باشوردا، پەروەردەی نادروست، کە پەروەردەی هاوردەی گەلانی دواکەوتووی دەوروبەریەتی و دەسەڵاتی نێرسالاری، دەیەها هێڵی سوری بەدەوری ڕەگەزی مێینەدا کێشاوە، پێگەی ژنی گەلێک بچوک کردۆتەوە، خزێنراوەتە سوچێکی چێشتخانەوە و کراوە بە کارخانەی خستنەوەی منداڵ، ئەو کارانەی پێ سپێردراوە کە تەنیا خزمەتکردنی نێرینەیە و بەس.
ئافرەت زۆر لەوە بەهێزتر و گەورەترە کە بەبەردەوامی ببێتە قوربانی هەڵچون و توڕەیی نێرینە و بکوژرێن!
شەرمە گەلێک هەبێت، گۆڕستانێکی ژنانی هەبێت بەناوی (گۆڕستانی بێناونیشانەکان).
هەموومان دەبینین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی کوردی خاوەن بیر و هزری دروست و ژنانی گەیشتوو بە ئازادیی، چۆن شکستیان بە دڕندەترین و مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێنا و پێشانی هەموو جیهانیاندا کە ژن خاوەن هێزێکی گەرەیە و هیچی لە نێرینە کەمتر نیە ئەگەر زیاتری نەبێت.

ئێستا کاتی بەخۆداچونەوە و هاوکات کاتی کۆششە بۆ فەراهەمکردنی پەروەردەی دروست و شیاو بۆ کۆمەڵگە بەهەموو ڕەنگ و ڕەگەز و ڕا و دیـد و دینی جیا جیاوە! کاتی ئەوەیە کە ((نێرینە” لەو ڕاستیە بگات کە:
مێینە، دەکرێت خوشکت بێت، دایکت بێت، هاوژین یان هاوڕێت بێ، دەکرێ کچت بێ، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز ناکرێ “مــــوڵـک”ــت بێ))!
چونکە نە کاڵایە و نە کەرەستەیەکە بۆ کڕین و فرۆشتن لەدەستی ڕەگەزی بەرامبەردا!

لەیادیش نەکرێ کە گفتوگۆی هێمنانە و لەیەک حاڵیبوون، کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە.

ئەرێ بەڕاست، شەرەفی نێرینەیەک، لە نێوان دووڕانی مێینەی هاوژینی یان خوشکی دایە؟
بێگومان نەخێــــــــــــــــــر، بەڵکو شەرەف، لە ڕەفتاری تاکدایە لەگەڵ دوروبەری .. لە هەست و دیدگایـدایە بەرامبەر بە ئاژەڵ و باڵندە و دار و خاک و ئاو، بەگشتی لە هەستیدایە بۆ ئەو ژینگەیە تێدا دەژی، “شەرەف” لە زمانی پاک و دەستی پاک و دامەنی پاکــــدایە، نەک لەناوڕانی هاوژینی، خوشکی، دایکی، کچیدابـــێ!

ئیسماعیل سەلام
٨ی٧ی٢٠٢١
*سەرچاوە، کتێبی (گەشتەکەی میستەر ڕیچ بۆ کوردستان ـ ١٨٢٠).

هاوبەشی :