چین لە ئەفریکا چی ئەکات؟

627
0
هاوبەشی :

نوسینی /کامەران احمد
ماوەیەکە چین بە چڕی ڕوو لە عێراق و کوردستان ئەکات، قەبارەی بازرگانیی لە سالانی ٢٠١٨دا نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار بووە و ساڵانە بە بڕی ١٠% ئەچێتە سەر. لەبەر نرخی کاڵاکان و پیشەسازی بەرهەمهێنان سەرمایەدار و بازرگانەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە بەلێشاو ڕوویان لەو ولاتە کردووە. هێنانی بەرهەمی چینی لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیکەی ٨ ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا چین بڕی ٢١ ملیار دۆلار نەوتی خاوی کڕیوە.
چین پێش ئەوەی ڕوو لێرە بکات ڕووی لە ولاتانی دەوروبەری خۆی و هەژارنشینی ئاسیا کردووە، ماوەی ساڵانێکیشە لە گەشەی ئابوری خۆیدا ڕووی کردووەتە ئەفریکا. بە دوای بابەتێکدا گەرام بزانم هەنگاوو پرۆسەکانی سەرمایەگوزاری چین چۆن دەست پێئەکەن، چەند فاکتێکم بەرچاو کەوت، پێم خۆش بوو لەگەڵ ئێوەشدا بەشداری پێ بکەم.
یەکەم: چین شەش ساڵ پێش ئێستا بڕیاری دا بڕی ٦٠ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە ئەفریکا بکات کە بڕی ٥٠ ملیار دۆلاری ڕاستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتەوە دابین ئەکرێت.
دووەم: هاوکارییەکان پرۆژەکانی بیناسازیی، هێڵەکانی گواستنەوە و بەستنەوە لە خۆئەگرن، هەندیکیان بە شێوازی خەڵات بۆ دەرفەت ڕەخساندنی پرۆژە یان قەرزی تا راددەی سفر ئەدرێت بە وڵاتانی ئەفریکا.
سێیەم : چین پیویستی بە کەرەستە بنەڕەتییەکانی وەک نەوت و مەعدەنەکانی مس و کۆباڵت و…هتد هەیە. لە جیاتی گەراندنەوەی پارە لەکاتی نەدانیدا ئەم کەرەستە بنەرەتییانە لە ولاتانی ئەفریکا وەرئەگرنەوە. هەربۆیە قەرزکردنەوەکان پڕ لە مەترسین. لە ئەنگۆلا کاتێک نەیتوانی لە ماوەی دیاریکراودا قەرزەکەی بداتەوە بە نەوت ڕێکەوتنیان کرد. لانی کەم ٤٠% زیاتر وڵاتانی ئەفریکا توانای دانەوەی قەرزەکانیان نییە. نمونەی تر وەک سریلانکا کاتێک نەیتوانی بڕی ملیارو نیوێک دۆلار لە بەندەری هەمبانتۆتا Hambantota لە ساڵی ٢٠١٠ بگەڕێنێتەوە، بە ناچار بۆ ماوەی ٩٩ساڵ بەندەرەکە لە لایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە بەڕێوە ئەبرێت. بێگومان وڵاتانی ئەوروپا لە چین باشتر نین ، کاتێک کە مۆزەبیق نەیتوانی قەرزی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بداتەوە، هەرئێستا لە هەموو ولاتی مۆزەبیقیدا یەک بەڕێوەبەری کۆمپانیا نابینیت کە خەڵکی مۆزەمبیق بێت.
بەڵام مەبەستی ڕاستەوخۆ تەنها بەدەستخستنی مەتریاڵ نییە بۆ پیشەسازی چین ، بەڵکو زۆربەی کاتیش گرێبەستی دامەزراندنی کارگای پیشەسازیی چینی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەکات، یان گرێبەستی دانەوەی قەرز بە بەرهەمی کارگاکانی نێوخۆ ئەکات وەک لە غانا کە چین قەرزەکانی خۆی لە ڕێگای ساغکردنەوەی بەرهەمی مەزراکانی کاکاو ە وە وەرئەگرێتەوە.
چوارەم: چین هیچ ڕێزێک بۆ یاساکانی کاری داڕێژراو لە ولاتانی ئەفریکا دانانێت، لە پێناو ئەنجامدانی خێرای پرۆژەکاندا ئەوپەڕی سەعاتکاری زۆر و هەلومەرجی کارکردن فەرز ئەکات بە سەر کرێکاراندا. لە هەر جێیەک هەوڵ ئەدەن ئەوکەڵچەری بچەسپێنن چینییەکان کار زۆر ئەکەن و توانای کاری سەختیان هەیە.

هاوبەشی :