ناڕەزایەتی كرێكاران لە توركیا بەردەوامە

358
0
هاوبەشی :

نوسینی /کامەران ئەحمەد
لە هەفتەی یەکەمی مانگی جوڵای ٢٠٢١ هەزاران کرێکاری وزە لەسەرجەم شارەکانی تورکیا دژ بەو گرێبەستە ناڕەوایەی کە لە قەیرانی ئابوری ئێستادا، دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیاکان بە نیازن بەسەریاندا بیسەپێنن، دەستیان دایە ناڕەزایەتی. پاش ئەوەی لە ٣٠ی ئەپڕڵ ٢٠٢١ دوو هەزار کرێکاری کارەبای Bedaş بەگژ یاساغبوونی مافی مانگرتنی گشتیدا چوونەوە تەنها ترسی دەسەڵاتداران و نوێنەرانی یەکێتییە کرێکارییە زەردەکان ئەوەبوو کە ئەم مانگرتنانە پەلبهاون بۆ سەرجەم شارەکانی تر. ئێستا هەزاران کرێکار لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبوڵ، ئەنکارا و زەنگوڵداخ دژ بەو گرێبەستە ناڕەوایەی یەکێتی Tes-İş (سەر بە فیدراسیۆنی یەکێتی‌یە کرێکارییەکانی Türk-İş ) بە نیازە بە سەریاندا بسەپێنێت دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.
کرێکارانی کارەبا کەمترین مووچە وەرئەگرن کە نزیک بە سێ هەزار لیرەی تورکی‌یە( ٣٥٠دۆلار). سەرەتا کرێکارانی ئایداش لە ئیستەنبول لە بەردەم نوسیگەی سەرەکی سابانچی Sabancı Holding ( کە زۆربەی دابەشکردنەکانی کارەبای لە شارەکاندا کڕیوە) گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژ بە گرێبەستی کۆمپانیا و یەکێتی‌یەکە دەربڕی . ڕۆژانی دواتر کرێکاران لە بەردەم نوسینگەی EnerjiSA لە ماڵتەپە کە سەر بە سابانچییە گردبوونەوەو ڕایانگەیاند ” هیچ ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستی کۆیلایەتی نین و خوازیاری مووچەیەکی گونجاون کە شایستەی ژیانیان بێت” .
لە ئەنکارا کرێکاران دژ بە یەکێتی Tes-İş ناڕەزایەتییان دەربڕی و چوونە نوسینگەکەوە و داوایان کرد بەرپرسانی یەکێتی‌یەکە کە هیچ نوێنەرایەتی کرێکاران ناکەن دەست لە کار بکێشنەوە. لە کاتێکدا نرخی کارەبا بە ڕێژەی ١٢٢% زیادی کردووە بەڵام یەکێتی‌یەکە ڕازی بووە بە زیادکردنی تەنها ٩% ی مووجە بۆ شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢١ و ٥% بۆ شەش مانگی داهاتوو. ماوەی دوو ساڵە کرێکاران لە چاوەڕوانی چوونە سەری مووچەکانیاندان و نرخی کەلوپەل وپێداویستیەکانی بە رێژەی ٣٠% زیادیان کردووە. دەسەڵاتداران و بەرپرسانی یەکێتییەکە لە هەوڵدان کرێکاران بە زۆر بگەڕێننەوە سەر کارەکانیان بەڵام یەکێک لە کرێکارانی مانگرتوو ڕایانگەیاند” پێویستە ڕۆژێک بمرین نەک هەموو ڕۆژێک”.

هاوبەشی :