مووچەی هەرێمی کوردستان و کەرەکەی مەلا نەسرەدین!
نوسینی: دلێر ئاکرەیی
بەڕاستی داهاتی هەرێم ئەوەندە کەمە کە بەشی قووتی خەڵکەکە ناکات یان ئەمە سیاسەتێکە و دەیانەوێ خەڵکەکە لە سەری رابێنن، هەر وەکو چۆن پێش ئێستا لە سەر هاتن و نەهاتنی کارەبایان راهێنابوون.
شارەزایانی بواری ئابووری هەرێم و بەشێک لە پەرلەمانتارانەکانی هەرێم و ئێراقیش بە زمانی ژمارە و لێکدانەوەی زانستی و بە بەڵگ و گەواهی متمانەپێکراو دەیسەلمێنن کە داهاتی هەرێم نەک تەنیا بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات، بەڵكو زۆر لەوە زیاترە و بەشی پرۆژەی گەشەپێدانی هەرێمەکەش دەکات و بە رۆژی رووناک دەدزرێت.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە خەڵکەکە لە بری ئەوە داوای مافی خۆیان لە دەسەڵات بکەن و ناچاری بکەن مل بۆ داخوازیان شل بکات، هەر بە خۆیان و لە نێو خۆیاندا بە سەر چەند بەشێكەوە دابەش بوون. گشتیان ناڕازین، ناڕازیبوونێکی نەزۆک و خرش. بەشێک ئۆباڵیەکەی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات. بەشەکەی دی هۆی دوا خستنی مووچە دەداتە پاڵ حکومەتی ئیراق و ئەو بەشەی کە دەستەوەستانە و چارەی خۆی رادەستی رۆژگار کردووە، بێچارە و بێزازە، بەڵام سەرجەمیان سەرگەردان و بێ پلان و بێ ئامانجن. هەموو شەوێک بە نزا و پاڕانەوە و خۆزگە و خەون بینین بە گەیشتنی پارە بۆ خەزینەی پەتاڵی هەرێم دەخەفن. بەیانیان بە هەواڵی مووچە هات و نەهات، مووچە دیت و نایەت، کەی دەگات و نەگەیشت، لە بەغداوە دێت و نایەت، کەی دابەش دەکرێت و دابەش ناکرێت، داهاتی هەرێم بەشی مووچە ناکرێت، مووچە بە لێبڕینەوە یان بێ لێبڕینەوە دابەش دەکرێت و ناکرێت، پەرلەمان لە سەر پرسی مووچە کۆدەبێتەوە و کۆنابێتەوە، ئەمڕۆش پەرلەمان پرسی دابەشکردنی مووچەی نەخستە بەرنامەی خۆیەوە، خەڵکەکە وەخەبەریان دەبێتەوە.
ئیدی وای لێهاتووە هەموو چارەنووسی هەرێمەکە لە وشەی مووچەدا کۆکراوەتەوە، چڕکراوەتەوە و پیرۆز کراوە، پیرۆزیەک کە شکۆی خەڵکەکەی پێشکێنراوە، مێشکیان لی سەندراوە و ژیانیان لێ تاڵکراوە.
تا کەی ئەم دۆخە هەر وا بە بێ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی دەمێنێتەوە؟ ئەمە بەندە بە دەنگ هەڵبڕین و بێدەنگی کۆمەڵانی خەڵکەوە! ئەگینا وەکو حیکایەتەکەی مەلا نەسرەدین و کەرەکەی لێدێت.
مەلا نەسرەدین ویستی کەرەکەی فێری کەمخۆری بکات و خەڵکەکەیش پێیان سەیری بوو بەوەی کە چۆن مەلا دەتوانێ ئەو کارە بکات! بەڵام مەلا پێش وەختە بیری لەو کارە کرد بووەوە کە هەموو رۆژێ بەشی ئالیکی کەرەکەی لە کا کەم بکاتەوە تا لێی ڕابێت. مەلا بینی کە کەرەکە ناڕەزایی نیشان نادات، وردە وردە کایەکەی کەم دەکردەوە. تا وای لێهات بە تەواوی لێی بڕی و کەرەکەش لە برسان مرد. پاش ماوەیەک خەڵکەکە لە مەلا نەسرەدینیان پرسی ئەرێ کەرەکەت چی بەسەر هات؟ مەلا لە وڵامدا وتی: وەڵاهی زۆر پاش بوو، دەهات عادەتی پێبگرێ کەچی مرد!.
ئەگەر نیازی گڵاوی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوە بێت کە بە سیاسەتی برسیکردن خەڵکەکەی دەستەمۆ بکەن و بیانکەن بە دەروێشی گومڕاو و گوێڕایەڵی بنەماڵەکانیان، ئەوە بە هەڵەدا چوونە و خەونەکەیان خاوە وەکو کورد گوتەنی: دەروێشی کەر زەرەرە بۆ شێخ ؟!!