لە پایتەختی ئێران تەقینەوەیەكی گەورە ڕوویدا
بە گویرەی ڕاگەیاندنەكان نیوە شەوی ڕابوردو لە گەڕەکی جۆردەنی پایتەختی پایتەختی ئێران (تاران) تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا، ئاژانسێکی ئیسرائیلی دەڵێت، تەقینەوەکە لە ناوەندێکی گرێدراوی بەرنامەی ئەتۆمیی ڕوویداوە و کاربەدەستانی ئێران دەڵێن هیچ نەبووە.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران حەمید هوداوەند دەڵێت تەقینەوەكە لە ناو پاركێك ڕویداوە بە هۆكاری گەڵاو دار و درەختی پاركەكەوە ڕوویداوە.
حەمید هوداوەند ڕایگەیاندووەتەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانیی و ماددیی نەبووە، تەنها ڕاگەیاندنەکانی دژبەری دەسەڵاتی ئێران تەقینەوەکەیان گەورە کردووەتەوە و کردوویانە بە بابەتێکی ئەمنیی، دەنا هیچ نەبووە و تەنیا دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی تاران، هەروەها ڕاشیگەیاندووە: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە بەردەوامە و هەرکات هۆکارەکەی بۆمان ڕوون بووەوە، وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکەین.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەپێی ئەو دیمەنانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا دووکەڵێکی فراوان بەرزدەبێتەوە و بە وتەی شایەتحاڵان، دەنگی تەقینەوەکە لە زۆربەی گەڕەکەکانی باکوور و ڕۆژئاوای تاران بیستراوە.
هەر بەپێی دیمەنەکان، دوابەدوای تەقینەوەکە، بە دەیان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و دەیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.
لە ماوەکانی ڕابردوودا، چەندین تەقینەوە لە ناوەندە ئەتۆمیی و سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئێراندا ڕوویداوە، هەرچەند دەستپێک کاربەدەستانی ئێران دانیان بە زیانەکانیاندا نەناوە، بەڵام دواتر، پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئیسرائیل درێژ کردووەتەوە ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار کردووە کە زیانی بە ناوەندە ئەتۆمییەکانیان گەیاندووە، ئیسرائیلیش ڕەتی ناکاتەوە کە دەستی هەبووبێت لەو ڕووداوانەدا، دژی ناوەندە ئەتۆمیی و سەر بازییەکانی دەسەڵاتی ئێران.
هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئینتڵی تایمزی ئیسرائیلی لە هەواڵێکدا نووسیویەتی: تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی تاران لە بینایەکی گرێدراوی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕوویداوە.
ماڵپەڕەكە بە دیاریکراوی نووسیویەتی: “تەقینەوەکە لە پاڵ تەلاری گەشەدان و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازیی ئێران کە گرێدراوی بەرنامە ئەتۆمیییەکانی ئێرانە ڕوویداوە.
سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی ١٢ کاتژمێر بەسەر ڕوودانی ڕووداوەکەدا، بەڵام تا ئێستا، کاربەدەستانی ئێران هۆکاری تەقینەوەکەیان ڕوون نەکردووەتەوە.