بەسێ هۆزات: گەریلا سەنگەری باشووری کوردستانە ، بەشی ١، ٢ و ٣

546
0
هاوبەشی :

 

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ کۆتایهێنان بە تێکۆشانی گەریلا و کۆتایهێنان بە کورد وا خۆی نیشان دەدات، کە باشووری قبوڵە و وتی، “گەریلا مسۆگەری و هێزی پاراستنی پێگە و قەوارەی باشوورە”.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، نابێت هیچ کوردێک، هیچ رێکخستنێکی کورد خۆی فریو بدات، دەبێت راستیی پاکتاوکەری فاشیستی دەوڵەتی تورک بە باشی بناسن و لێی تێبگەین. راشیگەیاند، “هەر کات گەریلا زیان و گورزی گەورەى بەربکەوێت ئەو کاتە تەمەنی پێگە و قەوارەی باشوور کۆتایی پێدێت. دەوڵەتی تورک لە دژی هەبوون و زمانی کوردانە و هێشتا پێگە و قەوارەی باشووری کوردستانی قبوڵ نەکردووە، تەنها بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە خۆی وا نیشان دەدات، کە قبوڵی دەکات”.

هۆزات رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بە هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان دوو ئامانجی بۆ خۆی داناوە و وتی، “دەیەوێت بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکات و لەو رێگەیەوە بە ئاسانی بتوانێت کوردان پاکتاو بکات. سەرباری ئەوەش ئامانجی دووەمی ئەوەیە، هەموو باشووری کوردستان داگیر بکات و دەستی بە سەردا بگرێت”.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

– گۆشەگیریی قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلان بەردەوامیی هەیە. رێگا نادرێت پارێزەران و بنەماڵەکەى بیبینن. ئێوە لەبارەی گۆشەگیرییەوە چی دەڵێن؟

لە ئیمراڵی سیستمێکی ئەشکەنجە – گۆشەگیریی تایبەت لە دژی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، کە ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەری رێککەوتوون و دەوڵەتی تورکی فاشیستیش پاسەوانێتیی بۆ دەکات. چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، سیاسەتی نکۆڵیکردن و لە ناوبردن لە چوارچێوەی سیستمی گۆشەگیری – ئەشکەنجە لە دژی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت. لە چوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوکردندا رێبەر ئاپۆ لە گۆشەگیریی رەهادایە. پەیوەندیی لەگەڵ گەل، رای گشتیی تورکیا و جیهان و بزووتنەوەکەیدا بە تەواوی پچڕێنراوە و هەوڵ دەدرێت بێکاریگەر بکرێت. رێگری لەوە دەکەن، بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ بە کۆمەڵگە نەگات. سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست و کلکەکەى دەوڵەتی تورکی فاشیست، لە بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ دەترسن و دەترسن ئەو بیر و رامانە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست بکات.

جەندرمەى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست لە ناوچەکەدا دەوڵەتی تورکە، کە دوژمنایەتیی خۆی بۆ کوردان، مرۆڤایەتی لە سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵیدا بە شێوەیەکی زۆر زاڵمانە و چەپەڵ بۆ هەمووان خستووەتەڕوو. سیستمی هەژمونگەرا و باڵادەستخوازی کاپیتالیست، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین دەکاتەوە هەوڵ دەدات کاریگەریی رێبەر ئاپۆ لە ناو ببات و بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکات. ئەو بەهایانە، کە بە تێکۆشانێکی گەورە و بێ هاوتا و بێ ئەمانی ٤٨ ساڵان بە پێشەنگایەتیی رێبەر ئاپۆ ئافرێنراون بخاتە خزمەتی خۆی. سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی بناغەی سیاسەت و ستراتیژیی ناوچەیی هێزە نێونەتەوەییەکانە، کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات. هەر چۆن بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دەستیان بە دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کرد ئێستاش هەوڵ دەدەن بە پاکتاوکردنی رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەى و کۆمەڵگەى کوردی ئازاد، ئەو دەستێوەردانەیان بۆ داڕشتنەوە و دیزاینکردنە نوێیەکەیان سەربخەن.

هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەشێکە لەو پلانە و وەک پلان و هەنگاوی دووەمی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەچێت. سیستمی گۆشەگیری – ئەشکەنجەی ئیمراڵی لە دۆخی ئێستادا بە تەواوی تورکیای گەمارۆداوە و خستوویەتییە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ٢٢ ساڵە مافەکان و دادپەروەری لە ئیمراڵی جێبەجێ ناکرێن و ئیدی ئەوە بووەتە دۆخی راستیی هەموو تورکیا. بێ مافی و نادادی باڵادەست کراوە. فاشیزمێک، کە ٢٢ ساڵە لە ئیمراڵی کاری پێدەکرێت لە دەسەڵاتدایە و بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوبووەتەوە. سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی وەرچەرخاوە بۆ سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردان، وەرچەرخاوە بۆ یاسای بەڕێوەبردنی فاشیزم لە تورکیا.

– بە بەرەنگاربوونەوە لە دژی گۆشەگیری دەتوانرێت کۆتایی بەو گوشار و زۆردارییە بهێنرێت؟

بێگومان. گەلانی تورکیا بە وەستانەوەیان لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەتوانن لەو گوشار و زۆردارییەى فاشیزم رزگاریان ببێت. تاوەکو لە دژی سیستمی گۆشەگیری – ئەشکەنجەى ئیمراڵی نەوەستنەوە، لە تورکیا مافەکان، دادپەروەری، دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەدی نایەت. بۆیە دەبێت لە تورکیا رۆشنبیران، هونەرمەندان، بزووتنەوەکانی ژنان و گەنجان، هێزە دیموکراسییەکان لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیری لە ئیمراڵی تێبکۆشن و داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ بکەن. تاوەکو لە دژی گۆشەگیری نەوەستنەوە و بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەنەچێت ناتوانرێت تێکۆشانێکی ئازادی و هۆشمەندانەى دیموکراتیک بەڕێوەبچێت. پشتیوانیکردن لە ئازادیی رێبەر ئاپۆ مەرجی تێکۆشانە لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە. مەرجی خاوەنداریکردنە لە داهاتووی ئازاد بۆ تورکیا. خاوەنداریکردن و داوای ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ پێوەرەکانی دیموکراتیکبوون، یەکسیانی و ئازادیپارێزییە، پێوەری داکۆکیکردنە لە مافەکان و دادپەروەری. ئەوانەى بانگەشەی پاراستنی ئەو بەهایانە دەکەن، بەڵام لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیریی ئیمراڵی هیچ ناڵێن، بێگومان سوکترینەکان و دووڕوترینەکانن. ئەستەمە ئەو کەسانە بتوانن بە شێوەیەکی راست و یەکگرتوانە بۆ مافەکان، دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی تێبکۆشن.

لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیریی ئیمراڵی ساڵەهای ساڵە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت. گەلی کورد لەگەڵ دۆستەکانیدا بە شێوەیەکی بێ هاوتا بەرەنگاری دەکات. بێگومان ئەو بەرخودانە ئەنجامی گرنگیشی ئافراندووە. گەلەکەمان ٩ ساڵە لە ستراسبۆرگ “چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی ئۆجالان” بەڕێودەبات. ئەو چالاکییە نیشانەى دڵسۆزییە بۆ رێبەر ئاپۆ. لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا دڵسۆزییەکی گەورە بۆ ئازادیی کوردستان و دیموکراتیکبوونی تورکیا دەخرێتەڕوو. بەو بۆنەیەوە بە ڕێزەوە لە کەسایەتیی چالاکوانانی ستراسبۆرگ دا سڵاو لەو بەرخودانە گەورەیەی گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەکەم. لە سایەی تێکۆشانی گەلەکەمان و دۆستەکانمان ئێمە ئەمڕۆ لە جیهاندا گەیشتووینەتە ئاستێکی گەورە بۆ پشتیوانیکردن لە رێبەر ئاپۆ. جگە لە کوردان ملیۆنەها مرۆڤ، سەندیکاکار، سەرۆک شارەوانییەکان، حیزبەکان، رێکخراوەکان، رۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان، ئەکادیمسیەنەکان و سیاسەتمەداران داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ دەکەن و کاری بۆ دەکەن و لەو پێناوەدا تێدەکۆشن. ئەوە دۆخێکی زۆر گرنگە. بە رێزەوە سڵاو لەو کەسانە دەکەین، کە ئەو کارە ئەنجام دەدەن. ئەوە کارێکی زۆر گرنگە، بەڵام سەرباری ئەوەش دەبێت تێکۆشان بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێکدا بە شێوەیەکی یەکگرتوانە بەڕێوەبچێت. ئامانجمان ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە زۆر باشتر کار بکەین و تێبکۆشین. داوامان بۆ گەلەکەمان، دۆستانمان، ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان ئەوەیە، کە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ گەورەتر بکەن و ئەنجام بەدەست بهێنن.

“لە موسڵەوە تاوەکو کەرکوک دەیانەوێت هەموو باشووری کوردستان داگیر بکەن”

– گەرمترین رۆژەڤی کوردستان هێرشە داگیرکەرییەکانە بۆ سەر باشووری کوردستان. دەوڵەتی تورکی فاشیست لە ٢٣ی نیسانەوە دەستی بە ھێرشێکی بەرفراوانی داگیرکەری بۆ سەر ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین کردووە و گەریلاش بە بەرخودانێکی مێژوویی وەڵامی دەدەداتەوە. ئامانجی هێرشە داگیرکەرییەکان و ئەو ئاستەى ئێستا چۆن لێکدەدەنەوە؟

پێش هەموو شتێک لە کەسایەتیی شەهیدانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دا بە رێز و منەتەوە یادی هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەکەمەوە. بەڕاستی هاوڕێیانمان لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین مێژووی بەرخودانێکی نوێ دەنووسنەوە. بە ئیرادەیەکی ئاوارتە و بێ هاوتا قارەمانێتی و پاڵەوانی تۆمار دەکەن. بێگومان نهێنیی ئەو ئیرادە و بڕوا بێ هاوتاییە عەشق و خۆشەویستیی گەورەیە بۆ وڵاتی ئازاد و کۆمەڵگەى ئازاد. ئەو بەرخودانە مێژووییە لە ئێستا بە دواوە بە پیتە زێڕینەکان لە مێژووی کوردستاندا و مرۆڤایەتیەدا تۆمار کراوە. گورزی گەورە لە دوژمن دراوە و دوژمن بۆ هەر شوێنێک هاتووە تیایدا چەقیوە و عاسێ بووە.

دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان وەک بەشێک لە سیاسەتی پاکتاوکردن و داگیرکەری بەڕێوەدەبات. لەو هێرشە داگیرکەرییانەیدا دوو ئامانجی هەیە. یەکەم و سەرەکییەکەی، پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادییە. بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی خواستیان بزووتنەوەکەمان پاکتاو بکەن. کاتێک ئەوە بکەن دەتوانن کوردان زۆر بە ئاسانی پاکتاو بکەن. لەپاڵ ئەوەدا ئامانجی دووەمی، داگیرکردنی تەواوەتیی باشووری کوردستان و دەستگرتنە بەسەریدا. ئەگەر پەکەکە پاکتاو بکرێت، لەبەر ئەوەى هەبوونی (سوپای تورک و میت) لە باشووردا زۆر بەهێزە دەتوانن باشووری کوردستان بە تەواوەتی داگیر بکەن.

دیکتاتۆری فاشیست ئەردۆغان لە لێدوانەکانیدا زۆر بە ئاشکرا باس لە ئامانجە داگیرکەرییەکانی دەکات. چیی دەوت؟ دەیوت ‘رێککەوتننامەى لۆزان بۆ تورکیا سەرکەوتن نییە. موسڵ و کەرکوک هی تورکیایە. ئێمە لەکاتی گونجاودا دەستوەردان لە باکووری عێراق دەکەین، ئێمە هەڵەى گەورەمان کرد. ئێمە ئەو هەڵەیە لە باکووری سوریا دووبارە ناکەینەوە’. ئەوەى دەیوت، ئێستا ئەنجامی دەدات.

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست ئەوەى خۆیان پێی دەڵێن هەڵە، ئێستا دەیانەوێت بە هێرشە داگیرکەرییەکانیان راستی بکەنەوە و نەیهێڵن. دەیەوێت موسڵ تاوەکو کەرکوک داگیر بکات و لەو رێگەیەوە ئامانجەکەیان بۆ پاکتاوکردن جێبەجێ دەکەن. ساڵەهای ساڵە تورکمانە لایەنگرەکانی تورکیا لە موسڵ و کەرکوک رێکخستن دەکات و چەکیان پێدەدات. لە تەلەعەفەر رێکخستنی هاوشێوەی ئەوانەى کەرکوک دروست دەکات. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی ئەوەى سەلماند، کە هەموو کات وەک ئامانجێکی نەتەوەیی کار بۆ میساقی میللی دەکەن. لەو رێگەیەوە لە دیزاینکردنەوە و داڕشتنەوەى ناوچەکەدا دەیانەوێت هەموو  دەستکەوتەکانی کوردان لە ناو ببەن. بۆ ئەوەش دەیانەوێت سەرەتا پەکەکە لە ناو ببەن، کە لە بەردەمیاندا بووەتە لەمپەر و ئاستەنگ.

گەریلاکانی ئازادی لە دژی داگیرکەری بەرخودانێکی بێ هاوتا بەڕێوەدەبەن. لە حەفتانین تاوەکو خواکورک بەرخودانی فیدایی بەڕێوەدەبەن. ئەو ناوچانە، کە دەوڵەتی تورک دەیخواست لە ماوەی هەفتەیەکدا داگیریان بکات، زیاتر لە ٢ مانگە شەڕێکی گەورە و بەرخودانێکی گەورەی تیادایە. سوپای تورک و چەتەکانی لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلا تەنگاو بوون و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەیانەوێت خۆیان لەو تەنگاوییە رزگار بکەن.

بۆ رزگاربوون لەو تەنگاوییە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ش بەکار دەهێنن. پەدەکە هاوکات لەگەڵ هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا، لە سنوورەکانی نێوان ناوچەکانی گەریلادا دەستی بە جێگیرکردنی هێزەکانی دەکات. هەوڵ دەدات وا لە گەریلا بکەن، کە نەتوانن جموجوڵ بکەن، نەتوانن سەرکەوتن بە دەست بهێنن. هەوڵ دەدات هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیش بەشداری ئەو هێرشانە بکات. پەدەکە بە بەکارهێنانی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییەکانی سەر خۆی بخاتە سەر عێراق. دەیەوێت پەکەکە و عێراق، عێراق و دەوڵەتی تورک رووبەڕووی یەکتر بکاتەوە، عێراق بکاتە پارچەیەک لە هێرشەکان و گوشارەکانی رای گشتی بۆ سەر خۆی کەم بکاتەوە. لە هەمان کاتدا لە رێگەى کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەوە هەوڵ دەدات گەریلا ناچار بکات، کە شەڕ دژی پێشمەرگە بکەن، ناچاریان بکات کە بەشداری شەڕ ببن. دەوڵەتی تورک باش دەزانێت تاوەکو هێزە سەربازییەکانی پەدەکە و گەریلا رووبەڕووی یەکتر نەببنبەوە ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت، بۆیە هەوڵ دەدات پەدەکە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری شەڕ بکات.

 

‘ژنە گەریلاکان نوێنەرایەتی تووڕەیی و هۆشی ژنان دەکەن

شەڕڤانانی ئازادی بە باجی قۆڕس، لەدژی داگیرکەری لە باشوری کوردستان وەک دیوارێکی پۆڵایان لێهاتووە. بە دەیانیان بە شێوەیەکی فیدایی شەهید بوون. گەریلاکانی یەژاستار لە ئاستی فیداییبوونی پێشەنگدا بەشداریان لە بەرخۆدانی مێژووییدا کرد. لەمبارەیەوە بۆچوونی ئێوە چییە؟

لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە قاڕەمانی بەرخۆدان دەکەن. بە دەیان هاوڕێ کە بە شێوەیەکی فیدایی بەرخۆدانیان کرد شەهید بوون. لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ، لەبەردەم یادەوەری هاوڕێیانمان کە بە شێوەیەکیقاڕەمانی لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک شەڕیان کرد و شەهید بوون، بەڕێزەوە سەرمان دادەنەوێنین. رەنجیان بە فیڕۆ ناچێت. ئەم تێکۆشانە، مافدارترین تێکۆشانی جیهانە و بە تەئکیدی سەردەکەوێت.

گەریلاکانی یەژاستار وەک لە حەفتانین، لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ فیداییترین هێزی بەرخۆدانی گەریلایە. هەر یەکێکیان زیلان، سەما، بێریتان، گوڵان و دەلالە. هێزی بەرخۆدانە. گەریلاکانی یەژاستار، نوێنەرایەتی قڕەمانی، شەرەف و هەڵوێستی ئازادی ژنانی کورد دەکەن. هەڵوێستێ کۆڵنەدانی ژنی کورد زیاتر بە لەدژی داگیرکەری، بە بەرخۆدانی گەریلاکانی یەژاستار زیاتر واتادار دەبێت.  ژنانی کوردی بەشەرەف بەرخۆدان دەکەن و لە پێناو ئازادیدا شەهید دەبن، بۆیەش تێکۆشانی ئەم گەلە هیچ کاتێک تێک ناچێت. ئەمە نوێنەرایەتی راستی ژنانی کورد دەکات. ژنانی بەرخۆدێر مسۆگەری و مزگێنی سەرکەوتنی گەلێکە کە بەرەو ئازادی دەڕوات. داگیرکەری فاشیست ئەم راستیە دەبینێت، بۆیەش لە هەموو جێگەیەک، لە چیا، دەشت و شارەکان بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر ژنی کورد. ژنانی کورد حسابێکی مێژوویی لە سیستم و عەقڵێەتی فاشیست دەپرسن کە ژن و کۆمەڵگا پشتگوێ دەخەن. ژنە گەریلاکان نوێنەرایەتی تووڕەیی و هۆشی ئەو ژنانەن کە بە هۆش هێڵراون. قاڕەمانێتی  ژن بە دڵخوازی ئازادی ئاوێتە دەکەن، راستی مێژوویی سەرلەوێ دەنووسنەوە و لە شارستانی فاشیستی سەروەری پیاو تۆڵە دەسەننەوە.

ئەگەر لە کوردستان تێکۆشانی گەریلا نەبوایە، سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک زوو بە زوو سەردەکەوت، گەلی کورد قڕدەکرا. ئەگەر تاوەکو ئێستا هێرشی قڕکردن ئەنجامی بەدەست نەهێنایە، ئەمە بە تەئکیدی لە سایەی تێکۆشانی گەریلایە. گەریلا هێزێکی گەورەی ئایدۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتیە. مسۆگەری ژیانی دیموکرات، یەکسان و ئازادە. ئەمە راستی گەریلایە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە و بە هەمان واتایە.

چارەنوسی چوار پارچەی کوردستان پێکەوە بەستراوەتەوە. لە باکوری کوردستان کە گەورەترین پارچەیە کە سیاسەتی قڕکردن لە هەموو بەشەکانی دیکە زیاتر بەسەریدا سەپێنراوە، تاوەکو کێشەی کورد لەسەر بناغەی دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، تاوەکو هەبوون و ئازادی کورد مسۆگەر نەبێت ، نە لە باشوری کوردستان، نە لە رۆژئاوای کوردستان و نە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون و ئازادی مسۆگەر نابێت. ئەگەر تێکۆشانی گەریلا نەبێت، پێگەی باشور و رۆژئاوای کوردستان بە ئاسانی لەناو دەچێت. پەکەکە و گەریلا سەرچاوەی بناغەیەی بەرخۆدانی کوردانن. گەریلا مسۆگەری و هێزی پاراستنی ستاتو و پێگەی باشوورە. گەریلا چەندین ساڵە بۆ پاراستنی باشوری کوردستان تێدەکۆشێت. ئەگەر بە تێکۆشانی گەریلا لە چوار پارچەی کوردستان کۆمەڵگایەکی بەرخۆدێر و زەمینێکی سیاسی نەهاتایە خوڵقاند، ئەگەر تێکۆشانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان دەنگی نەدابایەتەوە، مومکین نەبوو کە بتوانین باسی پێگەی باشوری بکەین. لەبەرئەوەش پێویستە هەموو کەسێک ئاگاداری نرخی زەمینی سیاسی کورد بێت کە بە تێکۆشانی گەریلا و پەکەکە خوڵقێنراوە. دەوڵەتی تورک بۆ تێکۆشانی گەریلا لەناو ببات و کورد قڕ بکات، بە  شێوەیەکی تاکتیکی وا پیشانی دەدات کە باشور دەناسێت. خۆی لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە چاوپێکەوتنی نێوان بوش و ئەردۆغاندا لە بەرانبەر دوژمنایەتی پەکەکە و تێکۆشانی گەریلادا، باشوری کوردستان ناسرا. کەی گەریلا گورزی بەرکەوتبێت، ئەو کاتە فەرمانی ستاتۆ لە باشور لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی دێت. با هیچ کوردێک، با هیچ رێکخستنێکی کورد خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. پێویستە راستی دەوڵەتی قڕکەر و فاشیستی کورد بە باشی ببینرێت و بە باشی لێی تێبگەن. دەوڵەتی تورک کە دوژمنی هەبوون و زمانی کوردانە، ستاتۆی باشوری قبوڵ نەکردووە، بە تەنها بۆ تەسفیەکردنی پەکەکە وەک ئەوەی قبوڵی کردبێت خۆی پیشانداوە. ئەو دەوڵەتەی هەبوون و زمانی کوردی رەتبکاتەوە، ستاتۆی باشوری کوردستان لەلایەک و لە هەرشوێنێکی جیهان مافێکی بچووکی کورد رەت بکاتەوە، خۆی لەبەردەم مافەکانی کورد خۆی ناگرێت. دەڵێت ئەو مافە بۆ هەموو کوردێک دەبێتە نمونە. هاوکاری بناغەیی دەسەڵاتی ئاکەپە، مەهەپەیە کە ئەمەش پیشانی دەدات کە سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەدژی کوردان چییە.

پاراستن و گەورەکردنی گەریلا بۆ ئێمەی گەلی کورد پاراستنی هەبوون و ئازادی و مسۆگەریە. بە تەنها بە گەورەکردنی گەریلا، بە بەرخۆدانی گشتگیر ئێمە دەتوانین خۆمان لە فشار و زۆردەستی و قڕکردن رزگار بکەین. لەسەر ئەم بناغەیە ئێمە  بانگەوازی لە گەنجانی کوردستان دەکەین کە لەدژی داگیرکەری، قڕکردن  کوردستان بپارێزن. کات کاتی پاراستن هەبوون و ئازادی خۆمانە. لەدژی فاشیزمی قكەر کات کاتی ئەوەیە کە لە چیا، لە دەشت و لە شار و گۆڕەپانەکان بەرخۆدان گەورە بکرێت و فاشیزم هەڵبوەشرێنرێتەوە. پێویستە گەنجان هەموو گۆڕەپانەکان بکەنە گۆڕەپانی حسابپرسین لە فاشیزم. گەنجانی کورد خاوەن میراس، ئیرادە و هێزێکی بەم شێوەیەن.

‘پەدەکە هاوبەش و پارچەیەکی ئەم هێرشانەیە’

ژن و پیاوی گەلی کورد لە بەرانبەر ئەم فاشیزمی جەستەی خۆیان کردووە بە سەنگەر و شەڕ دەکەن. پەدەکە هەوڵ دەدات هەوڵە تێکدەریەکان گەورەتر بکات. وەک ئەوەی تەڤگەرەکەمان رایگەیاند، ویستیان لە پشتەوە گەمارۆمان بدەن و خەنجەرێکمان لێبدەن. پەدەکە لە ناو ئەم شەرەدایە و ئامانجی لەم هەنگاوانە چییە؟

پەدەکە پشتگیری لە سیاسەت و هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک دەکات. ئەگەر پشتگیری و فەرمانی پەدەکە نەبوایە، دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی هێرشی داگیرکەری ئەنجام بدەت. پەدەکە هاوبەش و پارچەیەکی هێرشەکانە. بۆ ئەوەی کە پەدەکە تەسفیە ببێت پەدەکە رێگە دەدات دەوڵەتی فاشیستی تورک باشوری کوردستان تەسفیە بکات. ئیدی شتێکی شاراوە نییە کە پەدەکە و دەوڵەتی تورک رێککەوتنی قێزەونیان ئیمزاکردووە. رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوتیان ئیمزا کردووە. بانگەشە دەکرێت کە بۆئەوەی نەوت لە کەرکوک لەگەڵ تورکیا کۆنتڕۆڵ بکەن، پشتگیری لە داگیرکەری دەوڵەتی تورک و لە کەرکوک پشتگیری لە رێکخراوە تورکمانەکان لەرووی سیاسی و سەربازی دەکەن. ۆەدەکە دەیەوێت هەموو رێکخستن و هێزە سیاسیەکان لە دەرەوە تەسفیە بکات و هەموو دەوڵەمەندیەکانی باشوری کوردستان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. ئەو هێزانە کەوتوونەتە نێو ئەو تەڵەیەی کە ئەگەر پەکەکە تەسفیە ببێت لە هەموو کوردستان سەروەر دەبن. پەیوەندی پەدەکە بە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لەسەر ئەم بناغەیەیە.

لە پلانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە باشور پەدەکەش جێی خۆی دەگرێت. پەدەکە ئەگەر لە رۆژی سەرەتاوە لەنێو شەڕدابوایە، لەنێو کورداندا تەشهیر دەبوو و رەوایەتی لەدەست دەدا. لەبەرئەوەی کە کورد کوردی جاران نییە. لەنێو کوردان دە بیر و هەستێکی بەهێز نەتەوەیی هەیە. گەلەکەمان لە رووی یەکێتی نەتەوەییدا لە ئاستێکی هەستیاردایە. پەدەکە لەبەرئەوەی کە ئەم گۆڕانکاریەی سۆسیۆلۆژی لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا دەبینێت، نەیویست لە سەرەتاوە بەشداری لە شەرەکەدا بکات. بەڵام بە شێوەیەکی شاراوە بە هەموو جۆرێک پشتگیری لە دەوڵەتی تورک کرد. یەکێک لە هۆکارەکان کە تاوەکو ئەمڕۆ بەشداری لە شەڕدا نەکردووە، ئەوەیە کە دەڵێت، دەوڵەتی تورک هێرشێکی سەربازی ئەنجام دەدات، منیش لە دوورەوە ئەنجام بەدەست دەهێنم. بەپێی بۆچوونی ئەوان لە دەستی دەوڵەتی تورکدا دەرفەتی تەکنیکی زۆر هەیە و ئەوان لەو ئاستەدا پشتگیری لە بکەن بەسە. بەو هۆیەوە لە سەرەتادا لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەشداری لە شەرەکەدا نەکرد. بەڵام لەگەڵ گەمارۆدان، بە رەوایەتیدان بە داگیرکەری، لە رۆژی سەرەتاوە رایگەیاند کە پشتگیری لەم داگیرکەریە دەکەن. زۆر جار رایگەیاندووە کە تورکیا داگیرکەر نییە، تورکیا کە لەدژی پەکەکە شەڕ دەکات، خاوەن مافە، مەترسیەکی گەورەکە پەکەکەیە نەک تورکیا. بە کورتی پشتگیریەکی گەورەی سیاسی لە دەوڵەتی تورک کرد و رەوایەتی پێدا. پەدەکە بە جیهانی وت، هیچ کێشەیەکی تورکیا لەگەڵ کورد نییە، منیش کوردم و پەیوەندیمان زۆر باشە، کێشەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە هەیە و رێگری کرد کە دەوڵەتانی جیهان کاردانەوەیان لەبەرانبەر هێرشی داگیرکەری تورک نەبێت. لە گۆڕەپانی شەڕدا گەریلا گەمارۆ دەدات، دەیەوێت گۆڕەپانەکانی گەریلا لە یەکتری جیابکاتەوە.هەموو جۆرە هاوکاریەکی جۆر بە جۆری لۆجیستیکی و گواستنەوە بە دەوڵەتی تورک دەدات. چەندین ساڵە بەهۆی هەواڵگری پەدەکە چەندین گەریلا و بەڕێوەبەری پەکەکە و کەجەکە شەهید بوون. دەتوانین بڵێین کە زۆر کار کە دەوڵەتی تورک دەڵێت کاری میتە، کاری پاراستنی هەواڵگری پەدەکەیە. بەڵام لەم ئاستەدا بۆ دەوڵەتی تورک تێرکەر نییە. لەبەرئەوەی کە دەوڵەتی تورک لە بەرخۆدانی گەورەی گەریلا ترساوە و ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت و ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. دەیەوێت پەدەکە یەکسەر بەشداری لە شەڕدا بکات.

ئاشکرایە کە خولوسی ئاکار ویستی پەدەکە یەکسەر و بە شێوەیەکی ئاشکرا بخاتە نێو شەڕ و پەدەکەش هەندێک بەڵێنیداوە. پەدەکە بەڵێنیداوە شەڕ بکات. بەڵام لەناو رای گشتی کورددا بۆ ئەوەی متمانە لەدەست نەدات ، ویستی هزرێکی بەو شێوەیە دروست بکات کە گەریلا دەستی بە شەڕ کردووە و دەیەوێت زەمینێکی رەوا دروست بکات. لە مەتینا وەک ئەەوەی زۆر پسپۆڕ رایدەگەیەنن، بە موشەکی سیها لە ئۆتۆمبێڵی پێشمەرگە دراوە. ویستیان ئەوەش بخەنە ئەستۆی گەریلا و زەمینێکی رەوان بۆ شەڕی دژی گەریلا دروست بکەن. لەو کاتەوەی داگیرکەری دەوڵەتی تورک دەستیپێکردووە، زۆر هەوڵی تێکدەری بەم شێوەیەی پەدەکە دروست بووە. ئەو کاتەی کە ویستیان بکەونە هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلا، دەوری گەریلایان گرت، ئەوە لەسەراتوە و تاوەکو کۆتایی هەوڵی تێکدەری بوو. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر گەریلا ئێدی ناتوانێت هیچ شتێک بکات، بە تەنها شتێک کە رزگاریان بکات، شەڕی پەدەکە لەدژی پەکەکەیە. کاتێک پەدەکە ویستی بکەوێتە هەرێمی چەمجۆ، دەوڵەتی تورک پلانەکەی داڕشتبوو. هەنگاوێکی بەم شێوەیە هۆکاری دروستبوونی شەڕە و زیانێکی گەورە بە گەلەکەمان دەگەیەنێت و مەترسیە لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان. پێویستە پەدەکە دەست لەم هەنگاوانەی مەترسی و تێکدەری هەڵبگرێت.

 

‘پەکەکە ٤٠ ساڵە لە باشووری کوردستاندایە’

– پەکەکە ساڵەهای ساڵە لە باشووری کوردستاندایە. باشە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەم سات و سەردەمەدا دەیەوێت پەکەکە لە باشووری کوردستان نەمێنێت؟

بەڵێ، پەکەکە ٤٠ ساڵە لە باشووری کوردستاندایە. هێشتا سەدام لە دەسەڵاتدا بوو، کە پەکەکە لەم ناوچانەدا خۆی جێگیر کرد. پێش ساڵی ٢٠٠٣ گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا بوون. لە ساڵی ١٩٨٢دا پرۆتۆکۆڵێک لەگەڵ پەدەکەدا ئیمزا کرابوو. ئەو پرۆتۆکۆڵە جوڵەى هاوبەشی لە دژی هێزە داگیرکەرەکان بۆ خۆی کردبوو بە بنەما. پەدەکە تاوەکو ئەمڕۆ بوونی پەکەکەى بۆ خۆی نەکردبووە کێشە، بەڵام باشە بۆ ئێستا بۆ خۆی کردووە بە کیشە؟ پەکەکە ساڵەهای ساڵە لەم ناوچانەدایە. دەوڵەتی تورک ساڵەهای ساڵ ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر گەریلا لەسەر ئەم خاکە شەهید بوون. هاوکات لەگەڵ خوێنی هەزارن شەهیدی گەریلا لەم ناوچانەدا، پەکەکە دەیان ساڵە وەک حیزبێکی کوردان لە باشووری کوردستاندایە. سەدان گەنجی باشووری کوردستان لە ناو ریزەکانی گەریلادا شەهید بوون و سەدانی تریش لە ناو ریزەکانی گەریلادان. کاتێک داعش هێرشی کرد، پەدەکە و گەریلا بوونە گەورەترین هێزەکانی پاراستن لە باشووری کوردستاندا. ئەوە راستیی پەکەکە و گەریلاکانە، دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان هێرشی پاکتاوکردنی لە هەموو لایەکەوە بەڕێوە دەبات، پەدەکە بۆ دەبێتە بەشێک لەو هێرشانە؟ دەبێت پەدەکە لەلای خۆیەوە لێکدانەوە بۆ ئەوە بکات. ئەوە داوای گەلی ئێمە لە پەدەکە.

پەدەکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار بە داگیرکەر نازانێت. ئەو شوێنانەی داگیریکردوون بە شوێنی داگیرکراویان نازانێت، بەڵام بزووتنەوەیەک، کە هێزێکی کوردستانییە و تێکۆشانی ئازادی بۆ کوردان دەکات بە داگیرکەر دەزانێت. بۆ؟ چونکە پەکەکە پوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک، کە هیچ پەیوەندییەکان بە دۆزی کوردەوە نییە ئاشکرا دەکات، ئەو سیاسەت و پەیوەندییە بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی نییە. پەکەکە کاتێک لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات، گەل هۆشیار دەکاتەوە و رێگا بۆ ئەوە دەکاتەوە تاوەکو راستییەکان ئاشکرا ببن. مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە کاتێک وتی، شەڕی براکان حەرامە، پەکەکە و گەریلا لێرە بوون. چی بەسەر ئەو قسەیەدا هات، کە پەدەکە ئێستا دەیەوێت لە دژی پەکەکە شەڕ بکات؟ گەلەکەمان وەڵامی ئەو پرسیارانەى لە پەدەکە دەوێت. کاتێک دەوڵەتی تورک بە پەدەکەى وت، هەڵوێستی خۆت بەرامبەر بە پەکەکە روون بکەرەوە و لەگەڵ ئێمە لە دژی پەکەکە شەڕ بکە، دەبوایە پەدەکە لە بریی کارکردن بۆ رەوایدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بوونی بە بەشێک لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک، بیوتایە، سەرچاوەی هەموو کێشەکان بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەى کورد دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر ببن کێشەى کورد چارەسەر بکەن و لە رووی چارەسەریی دۆزی کوردانەوە رۆڵێکی لە ئەستۆ بگرتایە، دۆخی سیاسی لە ناو تورکیا و بۆچوونی گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بەرامبەر بە تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات و لە تورکیا دۆزی کورد چارەسەر دەبوو. کاتێک تورکیا بیبینایە ئەوە هەڵوێستی هەموو کوردانە، یەکێتیی لە نێوان کورداندا هەبوایە و بیبینایە، کە سیاسەتی ئێستای هیچ ئەنجامێک بە دەست ناهێنێت، ئەوا خۆی لە چارەسەری دیموکراتیک نزیک دەکردەوە. ئەو کاتە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپیش داگیر نەدەکران. هەڵوێستی حیزبێکی کوردان لە دژی گوشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک دەبێت وەها بێت، کە پێی بڵێت، دۆزی کوردان لەسەر بنەمای دیموکراتیک چارەسەر بکە. یان نا، دەبێتە ئامڕاز و داردەستی سیاسەتی پاکتاوکردنی پەکەکە، بەڵام هیچ حیزبێکی کوردان ئەو مافەی نییە، کە هەڵوێستێکی وەها بگرێتە بەر، چونکە ئێستا دەوڵەتی تورک هەبوونی کوردان قبوڵ ناکات، زمان، کولتور و ناسنامەى لە ناو دەبات و دەیەوێت کوردان پاکتاو بکات.

‘جێگای شانازی و سەربەرزییە گەلی کورد ئەو دۆستانەی هەیە’

 – کەسایەتییە ناودارەکانی گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد ‘شاندی ئاشتییان’ دروستکرد، بەڵام پەدەکە هێرشی کردە سەر ئەو شاندە. ئەو کەسانەى، کە بۆ ئاشتی کەوتبوونەڕێ لەلایەن پەدەکەوە رێگرییان لێکرا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەو هێرش و رێگرییە سەلماندێکی روون و بەرچاوە بۆ ئەوەی، کە بڕیاری شەڕ لە دژی بزووتنەوەکەتان دراوە؟

کاتێک شاندی ئاشتی هات رووی راستەقینەی پەدەکە ئاشکرا بوو. پەدەکە نایەوێت پلانەکەى لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئاشکرا ببێت. دەیەوێت کوردان و دونیا فریو بدات. ئەو حیزبێکی کوردانە، بەڵام رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار دەدات. شاندی ئاشتی نێونەتەوەیی لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک وەستابوونەوە و نەیاندەخواست لە نێوان پەدەکە و پەکەکەدا شەڕ رووبدات، بەڵام لە بەرامبەردا پەدەکە هەڵوێستێک نیشان دەدات، کە جارێکیتر دەیسەلمێنێت، کە بووەتە بەشێک لە پلانی داگیرکردن و پاکتاوکاری. دەبێت حیزبێکی کوردان زۆر دڵخۆش بێت بەوەى، کە گەلی کورد ئەو دۆستانەی هەیە و چالاکیی دیموکراتیکی لەو شێوەیە لە پێناو گەلی کورددا ئەنجام دەدەن.

وەک ئێوەش دەزانن شاندی ئاشتی دواتر خۆی بە ناوی ‘دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان’ راگەیاند. ئەوە دەستپێشخەرییەکی زۆر بەهادارە. لە باشووری کوردستان خەباتی زۆر گرنگیان ئەنجامدا. لەگەڵ ژماریەکی زۆر لە کەسایەتییەکان و لایەنە مەدەنی و رێکخستنەکان دانیشتن، خواستیان لە نێوان کورداندا یەکێتییەکی دیموکراتیک پێکبێت و رۆڵیان هەبێت. سەربەرزییەکی گەورەیە، کە گەلی کورد دۆستانی وەهای هەیە. ئەو بەهایە، کە تێکۆشان ئافراندوێتی، بە ئەندازەی بەشێکە لە شۆڕش، بە تەنها بۆ خۆیشی شۆڕشێکە. لە گەشبوون و شۆڕشگێڕیی ئازادیی گەلی کورددا، ئەو گەشەسەندنە پشکێکی گرنگی دەبێت.

‘سیاسەتی پراگماتیک و چەپەڵی ئەڵمانیا و ئەوروپا هاوبەشیکردنە لە پاکتاوکردنی کورداندا’

ئێمە بەها دەدەین بە خەباتی دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان. ئەگەر پشتیوانیی وڵاتانی ئەوروپا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی درێژە بەو هێرشە پاکتاوکارییانە بدات. دیسانەوە ئەوە لە هەڵوێستی ئەڵمانیادا دەرکەوتەوە، کە پشتیوانی لە سیاسەتە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات. ئەو سیاستە چەپەڵ و پراگماتیکەى ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا بە مانای هاوبەشیکردنە لە تاوانەکانی پاکتاوکردنی کورداندا. گەلەکەمان بۆ بەرژەوەندییە چەپەڵ و باڵادەستخوازییەکانی ئەوروپا دەبنە قوربانی ئەوەش لە سەردەمی ئێمەدا راستییە زۆر مەترسیدارەکەیە. باڵادەستەکانی ئەوروپا، کە دەمامکی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤیان هەڵبەستووە، چەپەڵترین و دڕندانەترین روو و رووخساری مێژوون. ئەو ئێش و ئازارە، کە کاپیتالیزم تووشی مرۆڤەکانی دەکات رەنگە زۆرتر بەو راستییە و بەو دەمامک هەڵبەستنەی باڵادەستەکانی ئەوروپا روونتر وێنا بکرێت. تێکۆشان لە دژی ئەو سیاسەتە چەپەڵانە، شکۆمەندانەترین تێکۆشانە و بەهادارترینی سەردەمەکەمانە. دۆستەکانمان ئەو خەباتە هێژایە دەکەن و بۆی تێدەکۆشن. ئێمە هەموویان پیرۆز دەکەین و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

‘هەموو حیزبەکان لە دژی پەدەکە و لە دژی شەڕن’

– دەبێت سیاسەتمەدارانی کورد و حیزبە سیاسیەکان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکان و هەوڵە مەترسیدارەکانی پەدەکەدا چۆن هەڵوێستێکیان هەبێت؟

لەم قۆناغەدا ئێمە بووینە شاهیدی ئەوە، کە هەستیارییەکی گەورە لە ناو کۆمەڵگەى کورداندا هەیە. بە ڕاستیش لە ناو گەلەکەماندا هەستیاریی نەتەوەیی زۆر بەرەوپێش چووە و بیری سیاسیی زیاتر بووە. ئەو هەستیارییە لە هەر چوارپارچەى کوردستان هەیە. لە تێکۆشان بە پێشەنگایەتیی پەکەکەدا ئەو هەستیارییە دروستبووە. ئەوەش بۆ گەلی کورد دەستکەوتێکی گەورەیە. هەر خۆی هەموان بۆ کۆمەڵگەى کورد دەڵێن، سیاسیترین کۆمەڵگەى ناوچەکەیە. ئەوە بۆ گەلی کورد دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە. راستیش وەهایە. گەلەکەمان دوژمن باش دەناسێت. باش دەزانێت، کە شەڕ لە نێوان کورداندا سوودی بۆ دوژمن دەبێت و زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەش نایەوێت لە نێوان کورداندا شەڕ رووبدات و بە توندی لە دژی ئەوەیە. ئێمە بە ئاشکرا ئەوە لە باشووری کوردستان دەبینین. گەلی باشووری کوردستان لە دژی شەڕە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کورددا. جگە لە پەدەکە هەموو حیزب و رێکخستنەکان لە دژی شەڕی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردن. رووناکبیران، هونەرمەندان، رێکخراوە مەدەنییەکان و بە کورتی هەموو باشووری کوردستان جگە لە بەشێکی ئلیت و دەستەبژێری پەدەکە نەبێت، هەموویان لە دژی شەڕن. لەو بوارەدا هەندێک راگەیاندراوی بەڕێوەبەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) هەیە. رێکخستنەکانی تری دەرەوەی یەنەکەش لە بەرامبەر داگیرکەری و هەڵوێستی پەدەکە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ، هەندێک راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لە دژی شەڕن. ئەوانە گرنگن، بەڵام بەس نین. دەبێت هەڵوێست و ناڕەزایەتیی بەهێزتر هەبێت و بە ئاشکرا رابگەیەنرێت و کاری بۆ بکرێت.

گەلی باشوور لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکە، لە دژی ئەو تێکدەری و ئاژاوەگێڕییانەیە، کە پەدەکە دەیەوێت دەوری گەریلا بگرێت. بەڵام هێزە سیاسییەکانی باشوور نایانەوێت ئەو هەڵوێستەى گەل بە تەواوەتی و بە روونی بخرێتەڕوو. دەبێت حیزبەکانی باشوور لەسەر گەل گوشار دروست نەکەن و بۆ ئەوەى گەل کاردانەوەى خۆی بە شێوەی جەماوەری نیشان بدات، دەبێت گەل سەربەست بکرێت. ئەگەر لەسەر گەل گوشار دروست نەکەن ئەوا لە باشوور بە سەدان هەزار کەس داگیرکەریی دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکەن. لە دژی هەنگاوەکانی پەدەکە، کە دەیەوێت دەوری گەریلا بگرێت ناڕەزایەتیی بەهێز نیشان دەدرێت. ئەو گوشارەی، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رێکخستنەکانی باشووری کوردستانی دەکات دەبێتە ئەوە گوشارە، کە رێکخستنەکانی باشوور لەسەر گەل دەیکەن. ئەوە دۆخێکی باش نییە و تەنها سوودی بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبێت. دەبێت رێکخستنەکانی باشوور دەست لەو هەڵوێستە هەڵگرن تاوەکو گەل ناڕەزایەتیی خۆی نیشان بدات و دەبێت گەل ئازاد بێت. دەبێت ئەوانیش بۆ خۆیان کۆبوونەوە و میتینگ بۆ ئیدانەکردنی داگیرکەری و رەواکردنی داگیرکەری لەلایەن پەدەکەوە، ئەنجام بدەن. ئەو دۆخە متمانە و بەهایەک بە هەموو رێکخستنەکان دەدات، نەک تەنها لە باشووری کوردستان لە هەر چوارپارچەى کوردستان دەبێتە هۆی سەربەرزی. هەڵوێست بۆ بەرژەوەندیی گەل، یەنەکە لە پێش هەموانەوە و هەموو رێکخستنەکانی تر و حیزبەکانی باشوور بەهێز دەکات. گەلەکەمان دڵخۆش بوو بە راگەیاندراوە ئەرێنییەکەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەنەکە. هەموو سیاسەتمەداران، کە هەڵوێستی نەتەوەیی نیشان دەدەن، لە هەر حیزبێک بن لە ناو گەلەکەماندا متمانە بە دەست دەهێنن، چونکە ئیدی لە کوردستان یاسای گەشەسەندنی پشتیوانیی گەل ئەوەیە، کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەر هەموو شتێکەوە بێت و لەو چوارچێوەیەدا سیاسەت بکات. هەر هێزێک ئەوە بکات هێزێکی بەهێز بە دەست دەهێنێت و دەچێتە ناو دڵی کوردانەوە. پەکەکە نوێنەرایەتیی بەرچاو و روونی ئەو راستییەیە.

‘ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی ئاسایی ناتوانێت ئەو هێرشانە تێکبشکێنێت’

 – دەبێت ژنان، رووناکبیران و هونەرمەندانی کورد لە دژی داگیرکەری چی بکەن؟  

دەبێت ژنانی کورد لە بەرامبەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و ئەو شەڕەدا، کە دەخوازرێت لە نێوان هێزە سەربازییەکانی پەدەکە و گەریلادا رووبدات، دەبێت لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدەن. ژنانی کورد رۆح و ورەی ئازادی و کردەی سەرەکیی شۆڕشی کوردستانن. تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە ناو پیاوانی کورد و کۆمەڵگەدا گەشەسەندنێکی گەورەی دروستکردووە. لە ناو کۆمەڵگەى کوردستاندا ژنان پێگەیەکی بەهاداریان هەیە. نەک تەنها لە ناو کۆمەڵگەى کورداندا، بەڵکو لە دونیاشدا سەرسامن بە راستی و تێکۆشانی ژنانی کورد و قبوڵی دەکەن. کاتێک ژنان هەڵوێستی خۆیان بە شێوەیەکی رێکخستنکراو بخەنەڕوو چارەنووسی کوردستان و مێژووی کوردستان دەگۆڕێت. لەبەر ئەوەش دەبێت لە هەر چوارپارچەى کوردستان و لە دەرەوەی وڵات لە دژی فاشیزم، داگیرکەری و شەڕ لە نێوان کورداندا بە سەدان هەزار کەس بڕژێنە سەر شەقامەکان.

رووناکبیران و هونەرمەندانی کورد لەم ساڵانەى دوایدا بۆ یەکێتیی نەتەوەیی هەوڵێکی زۆر دەدەن. بە بەرپرسیاری و هەستیارییەوە نزیک دەبنەوە. لە کۆتایی مانگی حوزەیران دا شاندێکی هونەرمەندان هاتن بۆ باشوور و هەندێک چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. هەڵوێستەکەیان بەهادار و گرنگ بوو، بەڵام دەبێت ئەو هەستیارییە بەرەوپێش ببەن. ئێستا داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان زیاتر بووە. شوێنێک کە دەبێت ئێستا هونەرمەندانی کوردا چالاکییەکانی خۆیانی تیادا زیاتر بکەن باشووری کوردستانە. دەبێت بست بە بست بە باشووری کوردستان دا بگەڕێن و لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، کە پەدەکە دەیکات، پەیامی خۆیان بە هەمووان بدەن. دەبێت لەگەڵ هەموو رێکخراوەکان، دەزگاکان و رێکخستنەکان کۆببنەوە و هەڵوێستی خۆیانیان بۆ ئاشکرا بکەن و هێز بە یەکێتیی نەتەوەیی بدەن. بێگومان خواست بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و دژایەتیکردنی شەڕ بە تەنها بەش ناکات. دەبێت لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دژ بە یەکێتی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان حیزبە کوردییەکانیشدا هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. هەڵوێستی پەدەکە لە ناو کۆمەڵگەى کورد، هونەرمەدان و رووناکبیران دا نیگەرانیی دروستکردووە. هونەرمەند بە مانای رۆح، ویژدان، یادگەى مێژوویی و کولتوری کۆمەڵگەیە. ئێستا لە بەرامبەر هەموو ئەو بەهایانەدا هێرشێکی پاکتاوکاری هەیە. لە بەرامبەر هونەر و هونەرمەدانیشدا هێرش هەیە. ناڕەزایەتی و ئیدانەکارییەکانی ئێستا بەشی تێکشکاندنی ئەو هێرشانە ناکات دەبێت مرۆڤ کاردانەوەى بەهێزی هەبێت. هەستیاریی هونەرمەندان زۆرە، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیری قوڵایی پاکتاوکارییەکان و توندوتیژی و هێرشەکان دەکات، دەبێت هەستیاری و ناڕەزایەتی لە ئاستێکی ئەنجامیگردا بێت.

‘دەبێت کۆنگرەی نەتەوەیی بە خێرای کۆببێتەوە’

– لەسەر بابەتی یەکێتیی نەتەوەیی بۆچوونی ئێوە چییە؟ بەڕاستی هەلومەرجی دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی نییە؟

بابەتی هەلومەرج پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە مرۆڤ لە چ روویەکەوە و چۆن سەیری بکات. بۆ شەرت و مەرج نەبن، بەڵام لە بەرامبەر  دەرفەت و مەترسیی شەڕی جیهانیی سێیەم، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامیی هەیە، دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دەبێتە بەرپرسیارییەکی مێژوویی. لەبەر ئەوە بە تەواوی و رێک کاتی یەکێتیی دیموکراتیکی نەتەوەییە. رێبەر ئاپۆش بانگەوازی بۆ کردبوو. بەهۆی بارگرژییەکانی نێوان پەدەکە و پەکەکە خواستبوی پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٨٢ نوێ بکرێتەوە. لە دۆخی ئێستادا، کە دوژمنی سەرەکیی کوردان، واتە دەوڵەتى تورک هێرشێکی گشتی و هەمەلایەنە ئەنجام دەدات، دەیەوێت ئەو بەهایانە، کە کوردان بە قوربانیی زۆر قورس بەدەستیانهێناوە لە ناویان ببات. ئەوەى کە دەبێت بە خێرایی ئەنجام بدرێت خەباتی یەکێتیی نەتەوەییە. گەلی کورد بە زۆری بە هەڵوێستی خۆیان یەکێتیی نەتەوەییان سەلماندووە. ئەو هەڵوێستەى گەل پێویست دەکات، کە کۆنگرەى نەتەویی بە خێرایی کۆببێتەوە. ئەگەر کۆنگرەیەکی وەها هەبێت، ئەوا زۆرێک لە کێشەکانی نێوان حیزبە کوردییەکان چارەسەر دەبن. هەڵبەت پێش هەموو شتێک کۆنگرە دەبێت پەیوەندی و دیالۆگی دیموکراتیک لە ناو کورداندا دروست بکات. وەک ئەنجامی سروشتیی ئەوەش، هەموو حیزبە سیاسییەکانی کورد، شەڕی چەکداری لە ناو هێزە کوردییەکاندا رەتبکەنەوە. بۆ ئەوەى هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە فەرماندیی بەرگریی هاوبەش کۆببنەوە و کار بکەن، بە سەرنجدانە کارەکتەری ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ کێشەى کورد ئۆرگانێک دابمەزرێت، کە بە ناوی کوردەوە دیپلۆماسی بکات. بێگومان دەبێت کۆنگرە نەک تەنها حیزبە سیاسییەکان، بەڵکو رای گشتیی کورد و ئەو رێکخراو و دەزگا دیموکراتیکانە، کە ئیرادەی گەل دەسەلمێنن لە خۆیدا بحەوێنێتەوە.

بۆ دامەزراندنی کۆنگرە هەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکان گرنگە. لەو روەوە دەبێت پەدەکەش لە پەیوەندی و رێککەوتنی سیاسیی و دیپلۆماتیک لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد خۆی بە دوور بگرێت. نابێت هیچ رێکخستنێکی کورد رەوایی بە هێرشی ئینکار و سڕینەوە و تواندنەوەى هێزە پاکتاوکارە داگیرکەرەکان بدات. نەبنە بەشێک لە هێرشەکان. دەبێت کێشەکانی نێوان رێکخستنەکانی کورد بە میکانیزمی هاوبەش و بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر بکرێن. رێکخستنەکانی کورد بەهۆی نزیکایەتیی دەوڵەتانی ناوچەکەوە، یان هێزە جیهانییەکانەوە خۆیان لە یەکێتیی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی بە دوور دەگرن و بەهۆی کاریگەریی ئەو هێزانەوە لە بەرامبەر یەکتردا نابنە خاوەنی هەڵوێستێک. دەبێت بەرژەوەندیی گەل لەسەروی هەموو شتێک بزانن و بەو شێوەیە سیاسەت بکەن. نابێت یەکێتیی نەتەوەیی لە قۆرغ و بارمتەى حیزبێک یان دوو حیزبدا بێت. ئەگەر حیزبێک بەرەوە یەکێتیی نەتەوەیی نایەت دەبێت هەموو حیزبە سیاسییەکان، رێکخراوەکان و دەزگا دیموکراتیکەکان بێنە لای یەک و کۆنگرەى نەتەوەیی دروست بکەن. بواری ئەوە لە هەموو کات زیاترە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە جارێکیتر بانگەواز بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەکەین. گەلەکەمان، رۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد دەبێت بۆ یەکێتیی نەتەوەیی زیاتر خەبات بکەن، لە دژی ئەو عەقڵییەت و هەڵوێستە، کە لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی ئاستەنگە، دەبێت گوشاری رای گشتی دروست بکرێت.

هاوبەشی :