چۆن خراپ مەزەندەکردنی ئەردۆغان توانای هێزی ئاسمانی تورکیای پەکخستووە.‏

605
0
هاوبەشی :

نووسینی: بوراک بەکدیل‏
وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاکرەیی

یەکێک لە پرسە هەرە گەرمەکانی گفتوگۆی ٥٠خولەکی نێوان ئەردۆغان و بایدن لە ‏کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا رۆژی ١٤ی مانگی حوزەیرانی رابردوو، کڕینی سیستەمی ‏موشەکی ئێس ٤٠٠ ی رووسی لەلایەن تورکیای ئەندامی ناتۆ و سزاکانی ئەمەریکا بە سەر ‏ئەو وڵاتەدا بوو کە دوورخستنەوەی لە پرۆگرامی دروستکردنی نەوەی پێنجەمی فرۆکە ‏جەنگیەکانی ئێف ٣٥یش دەگرێتەوە. جێگای سەرسووڕمانیش نەبوو کە دیدارەکە بە بێ ‏ئەنجام کۆتایی هات. ئەمەش هەواڵێکی خراپ و نالەبار بوو بۆ هێزی ئاسمانی تورکیا.‏
دە ساڵ زیاترە کە گەورە ئەفسەرە سەربازییەکانی تورکیا پلانیان بۆ ئاییندەی تواناکانی هێزی ‏ئاسمانی وڵاتەکەیان لە سەر ئەم گریمانەیان دارشتووە کە بەلانیکەم ١٠٠فرۆکەی ئێف ٣٥ لە ‏سەرەتای ساڵانی بیستەکانی ئەم سەدەیە وەرگرن. ‏
هێزی ئاسمانی تورکیا نەوەی چوارەمی فرۆکەکانی ئێف ١٦ی ئەمەریکی و فرۆکەکانی ئێف ‏‏٤ کە مۆدێلیان کۆنترە دژ بە میلیتانە کوردەکان لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری ‏ئیراق و سوریا بەکار دێنێت. ‏
تورکیا کۆتایی ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو بۆ جاری یەکەم فرۆکەی ئێف ١٦ی لە ‏ئەمەریکا کڕی و دوای وەرگرتنی موڵەت فرۆکەیەکی جەنگی دروست کرد. بەمەش بوو بە ‏یەکێک لەو پێنج وڵاتانەی کە ئەو جۆرە فرۆکەیە لەناوخۆی وڵاتەکەدا بەرهەم دێنن. ئێستا ‏هێزی ئاسمانی تورکیا بە گشتی ٢٧٠ فرۆکەی جۆری ئێف-١٦سی/دی هەیە کە زۆربەیان ‏دوای ١٠تا ١٥ساڵی دیکە بێکەڵک دەبن، ئەگەر بێت باشتر و نۆژەن نەکرێنەوە. ئەمەش بەندە ‏بەوەی کە ئایا کۆنگرێسی ئەمەریکا رێگە بە فرۆشتنی پارچە یەدەکەکانی فرۆکە جەنگیەکان ‏بە تورکیا دەدات یان نا. هەروەها خزمەتی نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی ئەم فرۆکانەش ‏مایەی پرسیارە.‏
باشە چ بژاردەیەک لە بەردەستی تورکیادا هەیە تا هێزی ئاسمانی خۆی لە داڕمانی ناچاری ‏بپارێزیت؟ لە وڵامدا زۆر نین. ‏
هێشتا تورکیا فشاری بۆ ئەمەریکا ( و هاوپەیمانەکانی ناتۆ) دێنێت بەوەی کە رەنگە فرۆکەی ‏جەنگی رووسی سوو ٥٧ هەڵبژێرێت، بۆ نمونە، لە حاڵێکدا کە هەست بە هەڕەشەی نەبوونی ‏نەوەی نوێی فرۆکە جەنگیەکان بکات. ئەمەش تەفرەدانە. ‏
جەنەڕاڵەکانی هێزی ئاسمانی تورکیا باش دەزانن کە دوای ٧٠ساڵ گوڕینی سیستەمی ‏فرۆکەکانی ناتۆ بۆ سیستەمی فرۆکەکانی رووسیەوە وەکو ئەوە نیە کە ماشینێکی ئەمەریکی ‏بە ئۆتۆمبیلێکی ژاپۆنی بگۆڕیەوە . بونیادنانی پێکهاتەیەکی نوێی کارپێکردن و هەموارکردن ‏و گونجاندنی فرۆکەخانە سەربازیەکان و سیستەمی نوێی چاککردنەوە و خزمەتکردن و ‏ساخبێری ، وێرای ئەوە کە تێچوویان زۆرە، هەروەها کاتی زۆریشی دەوێ و لە رووی ‏تەکنۆلۆجیشەوە سەختە. ‏
تورکیا لە بواری تیۆریدا شانازی بە پرۆگرامی فرۆکە جەنگیەکانی خۆی دەکات کە ساڵانێکە ‏پێوە خەریکە. کاربەدەستانی بواری بەرگری و فەزایی تورکیا هەواڵی بەپەلە نزیکەی هەموو ‏رۆژێكیان بڵاو دەکردەوە و خەڵکیان سەرقاڵ کردبوو سەبارەت بە بەرەو پێشەوەچوونی ‏پرۆگرامەکەیان. هەروەها پیشەسازی فەزایی تورکیاش رایگەیاند کە دەستی کردووە بە ‏دروستکردنی دووەم گەورەترین تونەلی هەوائی لە ئەورۆپا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا فرۆکە ‏نوێیەکەی ناسراو بە تی ئێف ئیکس تاقی بکەنەوە و لە گەڵ زانکۆیەکی تورکیاش ‏رێککەوتووە تا سیستەمی سۆفتوێری فرۆکەکەشی بۆ فەراهەم بکات و هێزی ئاسمانی ‏تورکیاش نمونەیەکی بچووککراوی فرۆکەکەی نمایش کرد. ‏
ئەمانە حیکایەتی خەیاڵین کە تورکەکان حەزیان لێیە گوێبیستی بن. ئەو گێڕانەوەی حکومەتی ‏تورکیا سپۆنسوری دەکات کە گوایە فڕۆکە جەنگیەکەی تورکیا لە قۆناغی دروستکردن دایە، ‏‏ تەنیا بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە و هیچیتر. ‏
ژمارەی ئەو تورکانە کەمن کە دەزانن ئەندەزیاریی فڕین بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێی ‏فرۆکەکان، لە باشترین دۆخدا دەیان ساڵی گەرەکە. هێزی ئاسمانی تورکیا یەکەم جار ئامانجی ‏ئەوە بوو کە فرۆکە نوێیەکە لە سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بفڕێنێت کە ‏رێکەوتی ساڵی ٢٠٢٣یە. بەڵام ئێستا باس لە ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ دەکات. کەچی ئەم ‏وادەیەش واقیعی نیە.‏
لە راستیدا هێشتا دیزاینی ( هێلکاری) فرۆکە نوێیەکەی ئێف تی ئێکس نەکێشراوە- چونکە ‏ناتوانرێ دیزانی فرۆکەیەکی جەنگی بەر لە هەڵبژاردنی ماتۆرەکەی بکێشرێت. تورکیاش ‏تەکنۆلۆژیای دروستکردنی ماتۆری فرۆکەکانی لەبەردەستدا نیە، کەچی بانگەشەی پەرەپێدانی ‏دەکات. ئەم بانگەشەیەش هەروا بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە.‏
گەورە کاربەدەستانی ئەردۆغان خۆیان بچووک دەکەنەوە کاتێک هەوڵ دەدەن قنیات بە ‏جەماوەرەکە بێنن کە پیشەسازی بەرگری خۆجێی تورکیا لە بواری تەکنۆلۆژیای فرۆکە ‏جەنگیەکاندا، پەرجوو و موعجیزە دروست دەکات.‏
هەمان کات ئەردۆغان ترسی لێنیشتووە سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتری ئەمەریکا، بۆیە ‏تورکیا وەگەڕخستنی سیستەمی موشەکی زەوی-ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی دوا خستووە… ‏هەرچەندە کاربەدەستان بە نیاز بوون سیستەمەکە مانگی نیسانی ٢٠٢٠وەگەڕ بخەن، بەڵام ‏هێشتا ئەرتەشی تورکیا ئەو موشکانەی وەکو خۆی بەپاکێتکراوی بەجێهێشتووە. ئەمەش ‏بەواتای ئەوە دێت کە ئەنقەرە ٢ملیار دۆلار و نیوی بۆ سیستەمێک بە مۆسکۆ داوە کە رەنگە ‏هەرگیز وەگەر نەخرێت.‏
باڵویزی رووسیا لە ئەنقەرە ئەلەکسی ییرخۆف گاڵتەی بە دوودڵی تورکیا کرد لەمەڕ ‏وەگەڕنەخستنی سیستەمی موشەکی ئێس٤٠٠ی رووسی کە ٢ملیار دۆلار و نیوی پێداوە ‏کاتێک وتی:‏
‏”ئەمە سەودایەکی فرۆشتنە، پارەکەمان وەرگرتووە. تورکەکان دەتوانن سواری موشەکەکان ‏بن و بچنە کەنار دەریا یان پەتاتە لە گەڵیان خۆیاندا هەڵگرن. ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە و ‏خۆمان پێوە سەرقاڵ ناکەین “. ئەوەش مایەی شەرمەزاریەکی زۆرە بۆ تورکیا!‏
بەڵام نمایشکردنەکە بەردەوامە. ئیسماعیل دەمیر کە گەورە کاربەدەستی ئەردۆغانە بۆ کڕینی ‏کەلوپەل و کەرەسەی بەرگری، رۆژی ٢١ی مانگی حوزەیران وتی: “پرسی پیشەسازی ‏بەرگری لە بواری دیپلۆماسیدا پرسێکی یەکجار گرنگە “. راست دەکات! تورکیا پێکهاتەی ‏سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیای بە دوو ملیار دۆلار و نیو کڕیوە، کە لە توانایدا نیە ‏وەگەر بخات، دەرئەنجامەکانی ئەو سەودا و مامەڵەیەش نمونەی پەند وەرگرتنە لەبارەی ‏چۆنیەتی خراپ هەڵسوکەوتکردن لە گەڵ پیشەسازی بەرگری لە بواری دیپلۆماسیدا.؟!.‏

 

 

هاوبەشی :