لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەڕڵەماندا فراكسێۆنەكانی (كۆمەڵ ، نەوەی نوێ ، یەگرتوو و چەند پەڕڵەمانتارێكی گۆڕان ) بێبەشكران

379
0
هاوبەشی :


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان كەوتوە له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ‌، ئەمڕۆ پەڕڵەمانی كوردستان بۆ ماوەیەك كۆبونەوەی پەڕڵەمان ڕاگیراوە ، سەرۆكی پەڕڵەمان بە تەلەفون چەند فراكسێۆنێك ئاگادار دەكاتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەی پەڕڵەمان و فراكسێۆنەكانی (كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، نه‌وه‌ى نوێ‌و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى‌و گۆڕان)یش بێبه‌شكران له‌كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئه‌مه‌ش دواى ئه‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نیشانیاندا له‌ناو هۆڵى كۆبونه‌وه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان دابنیشن، له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیدا به‌پێوه‌ وه‌ستان ‌و داوایانكرد ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ‌و به‌كۆى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران، حكومه‌ت ناچارو پابه‌ند بكرێت به‌ كۆتاییهێنان به‌ لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان دانه‌نیشتن، سه‌رۆكى په‌رله‌مان كۆتایی به‌كۆبونه‌وه‌كه‌ هێناو دواى ٢٠ خوله‌ك، كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى ده‌ستپێكرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران لێبدرێت.

دواتر سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان به‌ته‌له‌فۆن ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ ئێستا به‌شدارن له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌ماندا، كاتێكیش ١٦ په‌رله‌مانتار كه‌ چوبونه‌ ده‌ره‌وه‌ى هۆڵى كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان‌، به‌بێ ئاگادارى ئه‌وان كۆبونه‌وه‌ ده‌ستى پێكرده‌وه‌.

كاتێكیش هه‌وڵیانداوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵى كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌و پێیانڕاگه‌یه‌نراوه‌ ئه‌وه‌ بڕیارى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ناتوانن به‌شداریی بكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاشكرایكردوه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ بەگوێره‌ى مادەی٥٧ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بێبەشکراون له‌كۆبونه‌وه‌كه‌.

پێشتر په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ كۆبونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى سازده‌كات‌و ده‌نگ له‌سه‌ر به‌خاوه‌نكردنى ئه‌و زه‌ویانه‌ ده‌درێت كه‌ زیاده‌ڕه‌ویان كراوه‌ته‌سه‌رو چوار په‌رله‌مانتاریش بیرۆكه‌ى خۆیان له‌سه‌ر چوار بابه‌تى جیاواز ده‌خوێننه‌وه‌و دواتر خوێندنه‌وه‌ى دوه‌م بۆ سێ پڕۆژه‌یاسا ده‌كرێت كه‌ یه‌كێكیان تایبه‌ته‌ به‌ئیمتیازاتى خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان

هاوبەشی :