دانیشتوانی شاری هەولێر و دەوروبەری بەدەست بێ ئاوی دەناڵێنن
چەند هەفتەیە دانیشتوانی شاری هەولێر بەدەست بێ ئاوی لەبارودۆخی سەختی ژیانکردندان. بەپێی بەدواچوونێک کە کەدەرچە مێدیا ئەنجامیداوە ، بەشێکی زۆری ناو سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت و ناڕەحەتی گوزەرانی بێ ئاوی و نەبوونی کارەبای نیشتمانی بەپێی پێویست لەم کەش و هەوا گەرم و ووشکەدا بونەتەوە،بەو هۆیەوە زۆربەی خەڵکی ئەو شارە توڕەو بێزارن.
شایەنی باسە خەڵکی ئەو شارەو شارەزایانی بواری پلاندانان جەخت لەسەر بێ پلانی و بێ بەرنامەیی سەرانی حکومەتی هەرێم و تایبەت ئیدارەی شاری هەولێر دەکەنەوە ، کە نەک بەتەنگ ئەو شارەو کێشەکانی نایەن بەڵکوو هیچ پلان و ڕوئیایەکی ڕوونیان نیە بۆ چارەسەری کێشەکان،لەکاتێکدا دەسەڵاتداران خۆیان باش دەزانن هەموو ئەو کێشانە لەئارادان وپێویستیان بە پلان وبەرنامە هەیە تا چارەسەر بکرێن ، بەتایبەت لەم هەلومەرجە سەختەی گەرمایی هاوین و ووشکە ساڵیەدا ، کە پێشبینی دەکرێ ئەگەر ئەو بارودۆخە چارەسەری بۆ نەبینرێتەوە ئەوا پێدەچێ ژیانی سەدان و هەزاران لەخەڵکی بەساڵاچوو و نەخۆش و منداڵ ڕووبەڕوویی مەرگەسات ببنەوە.
بەپێیی سەرچاوەکان لەناو شاری هەولێرەوە ئەوەش ئاشکرا دەکرێ کە وێڕای بێ توانایی و بێ دەربەستی دەسەڵاتداران و سەرانی حکومەت ، بەڵام پێدەچێ پلانێکی پێشوەختەی خۆشیان لەئارادابێت ، کە ئامانج لەو پلانە تەواویی کەرتە خزمەتگوزاریەکان بەتەواویی توشی ئیفلیچی بکەن ، تا لەوڕێگەیەوە هاوڵاتیانی هەولێر وکوردستان بێزاربکەن و بەبەهانەی باشتر خزمەتکردن ، هەموو ئەو کەرت و سێکتەرە خزمەتگوزاریانە بفرۆشنە کەرتی تایبەت ، تالەوڕێگەیەوە هەم حکومەت و دەسەڵات لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاونیشتمانیان و دانیشتوانی شارەکان بدزنەوەو هەم لەوڕێگەیەوە خۆیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتیەکان ڕێبکەون کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەو کۆمپانیایانەش هی خۆیان وبەرپرسە حیزبەکانیانە و قازانج و کەڵەکەیەکی زۆری سەرمایە بۆ خۆیان بەدەست بخەن لەسەر گیرفان و بژێوی خەڵکی هەژارو نەبووی کوردستان.
سەرچاوەکان ئەوەش باس دەکەن، ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر بەرەو دژوارتر دەڕوات ، کە دەبێ خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی تری کوردستان ئەم بێ پلانی و سیاسەتە دژوارەی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەولێر قبوڵ نەکەن ، دەبێ دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی بەشێوەی بەرچاو ڕووبەڕووی حکومەت و سەرانی دەسەڵات بکرێتەوەو سنورێک بۆ ئەو هەموو نەهامەتیە دابنێرێت، ڕێگە نەدرێت لەوەزیاتر کوردستان و شارەکان بەرەو گەندەڵی و بەتاڵانبردن ببرێت.