سی پی تی: سیستمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان شکستی هێنا
لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە
سی پی تی ڕایدەگەیەنێت، سیستمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، شکستی هێنا لە پیادەکردنی ڕۆڵی خۆی لە چەسپاندن و بەدیهێنانی دادپەروەریی و دۆسیەی زیندانیانی بادینان سەلماندی، کە بڕیاری سیاسی زاڵە بەسەر بڕیاری دادگاکانی ھەرێمی کوردستاندا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، سەبارەت بە دواین پێشھاتەکان لە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا، ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی بە ھەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردیی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیە:
تیمی کوردستانی عێراقی CPT: دۆسیەی زیندانیانی بادینان سەلماندی، کە بڕیاری سیاسی زاڵە بەسەر بڕیاری دادگاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.
لە دوایین بڕیاری پێداچوونەوەی دادگا بە دۆسیەکەدا، لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، کە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا بۆ ڕایگشتی بڵاوکرایەوە، تۆمەتەکانی سەر ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانە بۆ یئەنجامدانی کاری سیخوڕی و پلانڕێژی بۆ کاری تێکدەرانە، وەکو خۆی هێڵدراونەتەوە و تەنیا تۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیخوڕی بۆ هەردوو کۆنسۆڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە بڕیارەکەدا دەرکراوە و تائێستاش زیندانیانی بادینان بە کاری سیخوڕی و کاری تێکدەرانە تۆمەتبارکراون، بەبێ ئاماژەدان بەوەی، کە کاری سیخوڕییان بۆ چ لایەنێک کردووە.
ئەوە ئاماژەیەکی ئاشکرایە، کە چەند ئەم پڕۆسەی دادگاییکردنە دەستتێوەردانی سیاسی تێدایە. ئەمەش لەبری ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە بەرقەرارکردنی دادپەروەری و مافە مەدەنییەکان. ئەم بڕیارەی دادگا بەڵگەیەکی ترە کە لەژێر ڕۆشنایی قسەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیدا، ئەم پڕۆسەی دادگاییکردنە بەڕێوەچوو، کەچەند ڕۆژێک بەر لە دادگاییکردنەکە گووتی “ئەوان نە ڕۆژنامەوانن و نە چالاکوانن… ئەوان سیخوڕی لایەنی دەرەکی بوون و کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە.”
بڕیاری پەسەندکردنی سزای ٦ ساڵ زیندانیکردنی یٔەو زیندانیانەی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، نیگەرانییەکانی زۆرێک لە ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی سەبارەت بەم کەیسە سەلماند، کە: بڕیاری سیاسی زاڵە بەسەر بڕیاری دادگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
لە هەفتەی ڕابردوودا، دوو کەسی تر بە ناوەکانی: ئومێد بەروشکی و قارەمان شوکری، بەهۆی پیادەکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سزادران.
ئومێد بەروشکی، کە ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆیە و لە گەڵ چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی تری بادیناندا دەستگیرکرا، لەسەر سێ سکاڵا بە ساڵێک زیندانییکردن حوکمدرا. یەکێک لە تۆمەتەکانی سەر ئومێد “خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن” بوو. لەئێستادا ئومێد لەسەر سێ سکاڵای تر لە چاوەڕوانی دادگاییکردنیدایە لە کۆتایی مانگی تەمموزدا.
قارەمان شوکری، کە ڕۆژنامەوانێکی تری ناوچەی بادینانە و لە ٢٧ی کانوونی دووەم دەستگیرکرا، لەم چەند ڕۆژەی دوایدا بە ٧ ساڵ زیندانیکردن سزادرا. بە گوێرەی قسەی کەسوکاری قارەمان، پڕۆسەی دادگاییکردنی قارەمان بەبێ ئاگادارکردنەوە و ئامادەبوونی خانەوادەکەی بەڕێوەچووە و وە پارێزەری بەرگریکاری دادگاییکردنەکە لەلایەن قارەمانەوە دیاری نەکراوە.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە دەسەڵاتی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان و سزادانی ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی، کە پیادەی مافی ئازادیی ڕادەربڕین دەکەن.
لە ٥ی تەمموز و ١٢ی تەمموزدا، ٩ چالاکوان و ڕۆژنامەوانی تری بادینان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی هەولێرەوە دادگاییدەکرێن. تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بانگهێشتی سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و نێردە دیپلۆماسی و میدیا و هەموو دامەزراوەکانی پەیوەند بە مافی مرۆڤ دەکات، بۆ بەشداریکردن و چاودێریکردنی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەم جارەی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان.
سیستمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، شکستی هێنا لە پیادەکردنی ڕۆڵی خۆی لە چەسپاندن و بەدیهێنانی دادپەروەریی لە کەیسی شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمدا، لە ئێستادا تەنیا ڕێگا بۆ بەرقەرارکردنی دادپەرەوەریی و ڕێزگرتن لە مافی ئەو زیندانییانە، لێبوورنی تایبەتە، کە ئەمەش لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق’نێچیرڤان بارزانی’دایە.