سیڤان سەعید: جاهیلکردن و ئاساییکردنەوە چەکی دەستی فاشیزمن

724
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە

ئەمیر ئەحمەدی

سیڤان سەعید، پرۆفیسۆری یاریدەدەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێیوایە ئەوجۆرە فاشیزمەی ئێستا لە تورکیادا هەیە، تەنها بە دەسەڵاتەوە سنووردار نەماوە، بەڵکو تەشەنەی کردووەتە ناو تاکەکانی کۆمەڵگاش، بە ڕێگای ‘جاهیلکردنی’ کۆمەڵگا و ئاسایی کردنەوەی کردەوەکان، خۆی بەڕێوە دەبات.

ڕۆژنیوز لەگەڵ پڕۆفیسۆری یاریدەدەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی شانشینی چین، لەسەر مێژووی ئایدۆلۆژیای فاشیزم، جۆرەکانی و جیاوازی فاشیزمی ئێستای تورکیا لەگەڵ فاشیزمەکانی دیکە لە جیهاندا، چاوپێکەوتنێکی ئۆنلاینی ئەنجامدا کە لێرەدا کورتەیەک لەو چاوپێکەوتنەتان بۆ بڵاو دەکەینەوە.

بەڕێز سیڤان سەعید سڵاومان هەیە سەرەتا لەوە دەستپێبکەین کە:

یەک لەو هۆکارانەی لە سەدەی دواییدا کورد بەدەستیەوە ناڵاندوویەتی و کوردی پێ کۆمەڵکوژی کراوە، هزری فاشیزم بووە، ئایا ئێوە چۆن خوێندنەوە بۆ فاشیزم دەکەن و بەچی دەڵین فاشیزم؟ ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کەی دروست بوو ؟

سیڤان سەعید: فاشیزم، بە سادەتریین پێناسە، شێوەیەکە لە ئایدۆلۆژیا و خەیاڵ، کە بۆ پێگەیشتنی پێویستی بە سەرکوتکاریی هەیە، کەسانێک کە هەڵگری ئەم ئایدۆلۆژییەن، خۆیان بە باشتر دەبینن لە دەروبەری خۆیان، کە لەو پێناوەدا یان دەورووبەریان وەکو خۆیان لێدەکەن، یان بێ بەشیان دەکەن لە مافەکانی خۆیان، واتە یان غەیری خۆیان، تووشی تواندنەوە دەکەن یان دەیانکەن بە نۆکەر و خزمەتکاری خۆیان، کە بەڕێگای سەرکوتکردن، هەموو پێوانە ئەخلاقی و مرۆییەکان پێشێل دەکەن.

یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٢وە فاشیزم وەک دەستەواژە لە ئیتالیا لە لایەن مۆسۆلینیەوە دروست بوو، ئەگینا وەکو ڕەفتار لە دەسەڵاتداراندا بە هەزاران ساڵە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بوونی هەیە.

ئایا فاشیزم تەنها لە شێوەی نەتەوەییدا خۆی دەنوێنێت یان جۆری دیکەشی هەیە؟ 

سیڤان سەعید: لەپێش ساڵی ١٩٢٠ بە هەزاران ساڵە لە شوێنەکانی جیهاندا شێوەگەلێکی جۆراجۆری فاشیزم سەریان هەڵداوە، بۆنموونە لە ساڵی ١٩٤٠تا ١٩٤٥ لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا جۆرێک لە فاشیزم سەرهەڵدەدات، کە یەک لەوانە لە شارێک بە ناوی نانجین لە وڵاتی چین، لەلایەن گرووپێکی فاشیستی ژاپۆنییەوە، کە باوەڕیان وا بوو چینییەکان مافی ژیانیان نییە، بێجگە لەوان نەبێت، سەرجەم دانیشتوانەکەی ئەو شارەیان لاقەکرد و کوشتنیان، دواتر چینیەکان کە دەسەڵاتیان کەوتەدەست هەمان کردەوەیان بەسەر خەڵکەکەی خۆیاندا دووبارە کردەوە، لە وڵاتی خۆشماندا هەمان ڕەفتارە فاشیستییەکانی بەعس لە ناو تاک و گرووپەکاندا ئەمڕۆکە ماوەتەوە و بەشێوەی جیاوازتر خۆی دووبارە دەکاتەوە، کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان و کوردەکان لە تورکیا دەرنجامی فاشیزمی تورکە، ئەمڕۆکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت لە ڕووسیایش جۆرەکانی فاشیزم بوونیان هەیە، لە بەریتانیاش کە خۆی بە دایکی سەرمایەداری هاوچەرخ ناودەبات، ئەمڕۆپارتێک هەیە بە ناوی مۆسلی کە پێیان وایە فاشیزم ڕێگای شەرەفە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، فاشیزمی ئابووریی و تەندروستیی هەیە، کە تاقمێک بۆیان هەیە سەرمایەداربن و لە خزمەتی تەندروستی کەڵک وەربگرن لە کاتێکدا تاقمێکی دیکە نانیان نەبێت بیخۆن و مافی سوودوەرگرتنیان لە هیچ خزمەتێکی تەندروستی نەبێت.

ئایا ئەم جۆرە فاشیزمەی کە ئەمڕۆ لە تورکیادا هەیە چ جیاوازییەکی لەگەڵ فاشیزمەکانی دیکەدا هەیە؟

سیڤان سەعید: ئەمڕۆ لە ئەوروپا فاشیزم، توانای ئەوەی نەماوە کە بەشێوەی ئاشکرا بەردەوامیی پێبدرێت، بەڵکو بە شاراوە لەناو دەزگاکاندا بەشێوەی خەیاڵ بەردەوامی بە خۆی دەدات، بەڵام لە تورکیا بابەتەکە جیاوازترە، ساڵی ١٩٥٨ و ٥٩ لە تورکیا پارتێک بە ناوی دیموکرات بە سەرۆکایەتی عەدنان مەندەرەس دروست دەبێت، کە بڕیار دەگرێت لە بە تەواوەتی سڕینەوە و کۆمەڵکوژ کردنی کوردان، دووساڵ دوای ئەوە عەدنان مەندەرەس بۆخۆی کەوتە بەر لێشاوی فاشیزمەوە و خۆیشی لە لایەن فاشیزمانەوە کوژرا، واتە فاشیزم تا بە ئەمڕۆ لە تورکیا وەکو سیستەم بوونی هەیە و بەردەوامی بە خۆی دەدات و دزەی کردووەتەوە ناو تاکەکانی کۆمەڵگاوە.

ئایا ئەم جۆرە فاشیزمەی تورکیا چ مەترسییەک لەگەڵ خۆیدا دروست دەکات؟

سیڤان سەعید: ئەوانەی دەیانەوێت فاشیزم لە سەرەوەی دەسەڵاتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا شۆڕ بکەنەوە، پێوییستیان بە چەند فاکتەرێک هەیە، کە یەک لەوانە ‘جاهیلکردن’ی خەڵکە و قۆناغی دواتر بە ئاسایی کردنەوەیە(NORMALISTION)، واتە ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر شەقامێکی ئیزمیر کوردێک لەسەر کوردبوونی بکوژرێت، ئێدی ئەمە ئاسایی کراوەتەوە و هەر کوردێک بە تیرۆریست ناودەبەن، واتە کێ بە دڵی فاشیستەکان و دەوڵەت نەبێت، چەسپی تیرۆریستی لێدەدەن و ئاسایی کراوەوەتەوە، ئەم فاشیزمە نەک تەنها تورکەکان بەشێکی زۆری لە گەلانی تورکیای گرتووەتەوە و شانازیی بەم هزرەشەوە دەکرێت، واتە فاشیزم بە ڕێژەیەکی زۆر مەترسیدار ئاسایی کراوەتەوە لە تورکیا بە شێوەیەک کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا بوونی نییە و وای لێهاتووە ئەگەر تۆ فاشیست نەبیت، مافی ژیان کردنت نییە لەو وڵاتەدا، کە تەنها کەمینەیەکی کەم لە تورکیا خۆیان لەم لێشاوە پاراستووە.

ئێوە چ ڕێکار و هزرێک بە گرینگ دەبینن بۆ لە ناوبردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی فاشیزم؟

سیڤان سەعید: بۆ لە ناوبردنی فاشیزم، نابێت بە ڕێبازێکی هاوشێوەی خۆی ڕووبەڕووی ببێتەوە و لەناوی ببەی، فاشیزم لەچینی سەرەوە تاقمێکی سەرکوتکار دروست دەکات، کە چینی ژێرەوەی کۆمەڵگا سەرۆکوت بکات و بیچەوسێنێتەوە، بەڵام دەبێت بە پێچەوانەوە لە چێنی ژێرەوە بە ڕێگەی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵگا بۆ خۆپاراستن لە دژی ئەو چینە سەردەستە هەمەجۆرە بەرخۆدانی بکرێت، لەبەرامبەر پەروەردەکانی ئەویشدا، شێوازێکی نوێ پەروەردەکردن پێشبخریت، کە خۆشبەختانە ئێستاکە لە کوردستان ئەم ڕەوتە هەیە و وێڕای لاوزبوونیشی بەلام لە دژی فاشیزم بەرخۆدانی دەکات.

هاوبەشی :

بۆچوونت چییە