خالیدە ئەنگیزەک: زیلان تۆڵەى کچە بێسەروشوێنکراوەکانی دەرسیم بوو

347
0
هاوبەشی :

 

ANF لە فوڕات نیوز وەرگیراوە

خالیدە ئەنگیزەک ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بۆنەى ساڵیادی چالاکیی یەکێک لە کادێرانی پیشەنگی پەکەکە زیلان (زەینەب  کناجی) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

خالیدە ئەنگیزەک رایگەیاند، زیلان لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە دەرسیم چالاکیی فیدایی ئەنجامدا و بە رێزەوە لە کەسایەتیی زیلان و شەهیدانی ئایاردا یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی و شۆڕش دەکەمەوە.

خالیدە ئەنگیزەک باسی ئەوەیکرد، زیلان بۆ خۆی بڕیاری لەسەر چالاکییەکەى دا  وتی، “هەڤاڵ زیلان بۆ خۆی بیری لە چالاکییەکەى کردەوە، شوێنی چالاکییەکەى دیاری کرد، چاودێریی کرد و پلانی بۆ دانا و دواتر ئەنجامی دا. لە کاتێکدا کەس چاوەڕێ نەبوو، لە دەرسیم لە مەراسیمی سەربازیدا وەک گڕکانێک تەقییەوە. خوێنی هەڤاڵ زیلان لرفەى کرد بۆ ناو رووباری مونزور. رۆحی هاوڕێمان بووە باڵندە و لەسەر پەیکەری سەید رەزا نیشتەوە و وتی، ‘من تۆڵەى ژنانی گەنج و ئەو بوکانە دەکەمەوە، کە خۆیان لەسەر تاشە بەردە گەورەکانەوە هەڵدایە خوارەوە. تۆڵەى هەزارانی دەرسیمی دەکەمەوە، کە لە ئەشکەوتەکاندا کوژران و تاوەکو ئێستاش ئێسکەکانیان لە ئەشکەوتەکاندایە. تۆڵەى ئەو منداڵە رفێنراوانە دەکەمەوە، کە توێنرانەوە و پەیوەستکران بە بکوژەکانیانەوە. من تۆڵەى کچە بێسەروشوێنبووەکانی دەرسیمم. تۆڵەى بەسێ، عەلیشێر و زەریفەم. من تۆڵەى منداڵان و ئەو سەرکردانەم، کە رفێنران’. بەو شێوەیە بەڵێنی تۆڵە و سەرکەوتنی بە سەید رەزا دا.

تەنها بۆ کوشتنی سەربازان دەرسیمی هەڵنەبژارد، بەڵکو لەبەر ئەوەى دەرسیم بوو بووە ناوەندێک، کە منداڵی کوردی تیادا دەتوێنرایەوە و دەگۆڕدرا. منداڵانی کورد ناچار دەکران کە بە بەردەوامی لە گۆڕەپانەکاندا کۆبکرێنەوە و ئاڵای تورک بەرزبکەنەوە و سرودی تورکەکان بڵێنەوە. منداڵان ئەشکەنجە دەکران لەبەر ئەوەى تورکییان نەدەزانی. هەڤاڵ زیلان بەو چالاکییەی ترسی دڵی کوردانی نەهێشت و بووە سیمبول. ئەو چالاکییە دڵی هەموو پارتیزەکانی ناو حیزبەکەمانی گەرم کردەوە. دوژمن لە بەرامبەر ئەو شێوازە نوێیەی چالاکییدا حەپەسا”.

لە بارەی قۆناغەکەى ئەو سەردەمەوە خالیدە ئەنگیزەک وتی، “لەسەر رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان مەترسی هەبوو. هاوڕێ زیلان ئەو مەترسییانەى بینی و هەستی پێکردن. بە بەرپرسیارییەکی گەورە لە رێبەرایەتی نزیک دەبوویەوە. دەیزانی رێبەر ئاپۆ خاوەنداری و پشتیوانی لە بەها هەزاران ساڵەکەى کوردستان دەکات. دەیزانی رێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتیی گەلی کورد، ژنانی کورد و بندەستان دەکات. هەستی بەوە دەکرد، کە لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆ لە دژی بزووتنەوەکەمان پلانێکی بەرفراوانی پیلانگێڕی لە گۆڕێدایە. دەیزانی لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا هێرش دەکریتە سەر هەموو بەهاکانی کوردان. ساڵی ١٩٩٦ لە دژی بزووتنەوەکەمان پلانێکی بەرفراوان بۆ لەناوبردن و سڕینەوە خرابووە کار. ئەو پلانە پیلانگێڕییە، پلانێکی ئاسایی نەبوو.

لە میسر هێزێکی گەورە کۆبوویەوە (کۆبوونەوەى شەرمول شەیخی ١٩٩٦). تورکیا و ئیسرائیل رێککەوتنی گەورەیان ئەنجامدا. یەکەى ١٠٠ هەزار کەسییان دروستکرد. ئێمە دەمانزانی، کە ئەوانە لە دژی فەلەستین ئامادە ناکەن. ئەو هێزە زۆرە، کە راهێنانی تایبەتیان پێکرابوبو نێردران بۆ ناوچەکان و گۆڕەپانی رێبەرایەتی. هەموو ئەو بابەتانە ئاشکرا و لە بەرچاو بوون. لە دوایدا پیلانگێڕیی ٦ی ئایاریان ئەنجامدا. بێگومان لە رێگەى ئەو پیلانگێڕییەوە راستەوخۆ هێرشیان کردە سەر رێبەر ئاپۆ، بەڵام نەیانتوانی سەربکەون و ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئامانجەکەیان ئەوەبوو. ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان لە نزیک ئەکادیمیا تەقاندەوە، بەڵام نەیانتوانی ئەنجام بە دەست بهێنن”.

‘زیلان خواستی وەڵامی ئەو پیلانگێڕییە بداتەوە’

خالیدە ئەنگیزەک رایگەیاند، لەو کاتەدا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لێدوانی بۆ میدیاکان دا و لەسەر هەستیاری و مەترسیی قۆناغەکە قسەى کرد. خالیدە ئەنگیزەک وتی، “لەو لێدوانەدا سەرنجی خستەسەر مەترسییەکانی پیلانگێڕییەک، کە لە کەسایەتیی رێبەرایەتیدا لەسەر کوردستان بەڕێوەدەچێت. هاوڕێ زیلان لەو قۆناغەدا بە باشی لە رووداوەکان تێگەیشت و لەبەر ئەوەش خواستی ببێت وەڵام”.

خالیدە ئەنگیزەک وتی، “رێبەر ئاپۆ بۆ هەڵوێستی هاوڕێ زیلان دەڵێت، ‘راستیی زیلان لە بەرچاماندایە، لە بەردەمماندایە. ئەو ژنێکی زۆر هێژایە. راپەڕیوێکی زۆر گەورەیە. بیر و فیکری خۆی نووسیوە و بەچالاکییەکی گەورە بەڵێن و پەیمانەکەى خۆی بەجێهێنا. ئێستا من هەموو رۆژێک بە خۆم دەڵێم، لە بەرامبەر ژنێکی وەها هێژادا خاوەنی بەرپرسیاری و جدیەتم. رەنگە ئێوە لە بیری بکەن، بەڵام وەسیەتی هەیە. وەسیەتەکەى بۆ ئێمە ئەمر و فەرمانە و ئێمەش شەڕڤانی ژێر فەرماندەیی ئەوین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دڵسۆزی وەسیەتی شەهیدان دەبین و هەرگیز دەستیان لێ هەڵناگرین”.

‘چالاکییەکە وەک زلـلەیەک بوو، کە لە رووی پیلانگێڕان و خائینان درا’

خالیدە ئەنگیزەک رایگەیاند، چالاکییەکەى زیلان وەک عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەێڵێت، مانیفیستۆی ژنی ئازادە و وتی، “ئەو چالاکییە  مانیفیستۆی ئێمەیە، کە نیشانی دەدات دەبێت ئێمە چۆن بژین و چۆن شەڕ بکەین. لە دژی هێڵی راستڕەو، خۆبەدەستەوەدەر و ئەوانەی بڕوایان بە سەرکەوتن نییە، بووە وەڵام. نیشانی دا، کە شەڕی گەریلا تەنها ژمارە نییە. شەڕی گەریلا ئیرادەیەکی بەهێز و روونبوونەوەیە لە بیر و هەستدا، دەوڵەمەندی لە رێگا م رێبازدایە. لەبەر ئەوەش ئێمە دەڵێین، هاوڕێ زیلان بە تەنها بۆ خۆی وەک سوپایەک جوڵایەوە. وەک سوپایەکی کاریگەر. ئەو چالاکییە وەک زلـلەیەک بوو، کە لە رووی پیلانگێڕان و خائینان درا”.

‘رۆحی زیلان لەگەڵ گەریلادا لە کوردستان شەڕ دەکات’

خالیدە ئەنگیزەک رایگەیاند، رۆحی زیلان ئێستا لە کوردستان لەگەڵ فیداییەکان و لەگەڵ گەریلاکاندایە و وتی، “ئەو ئاڵایەی هاوڕێ زیلان بەرزی کردەوە، بە تێکۆشانی ژنان هەموو رۆژێک گەورەتر و شکاوەتر دەبێت. لە حیبزبیبوونی ژناندا قوڵ دەبێت و رۆدەچێت و گەورە دەبێت. دوای ئەوە هەزاران ژن و پیاوی گەنج بەشداری ریزەکانی حیزب بوون”.

خالیدە ئەنگیزەک سەرنجی خستەسەر کاریگەریی زیلان لەسەر ئاستی ئێستای تێکۆشانی ئازادیی ژنان و وتی، “لە بابەتی رێکخستنکردنی هاوژیانیی ئازاد، سیستمی هاوسەرۆکایەتی و پاراستنی خۆبەخۆ و خۆڕسکدا، بزووتنەوەی ژنان پێشەنگایەتی بۆ مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک دەکات. تێکۆشانی پێشەنگایەتی بۆ بونیاتنانی ژیانی کۆمیناڵی دیموکراتیک دەکات. بۆ هەموو ژنانی جیهان بە نمونەى تێکۆشان دەزانرێت. لەم ساڵانەى دوایدا بە تایبەتی لە شۆڕشی رۆژئاوادا تێکۆشانی ژنانی کورد کاریگەرییەکی بەهێزی لە ژنانی جیهان کرد و تێکۆشان گەیشتە قۆناغێکی بەرزتر. بزووتنەوەى ژنان لە جیهاندا و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سنوورێکی بەرتەسکدا گیریانخواردبوو، بەڵام لەم ساڵانەى دوایدا ئیدی ژنانی جیهان تێکۆشانی خۆیان گەیاندە ئاستێکی تر و لە دژی سیستم هەلوێستێکی توندیان نیشان دا”.

هاوبەشی :

بۆچوونت چییە