پێنجوێنیی: هەر هێزێك هەوڵی شەڕی براكوژیی بدات پێویستە لێپرسینەوەی لێ بكرێت
لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە
محەمەد ئەمین پێنجوێنیی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت شەڕی کورد بە کورد بکات، دەشڵێت: شەڕی براکوژیی کوشتنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە و هەر هێزێک هەوڵی ئەنجامدانی بدات، پێویستە لێپرسینەوەی لێبکرێت.
محەمەد ئەمین پێنجوێنیی سیاسەتمەدار، لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە شارۆچکەی کۆیە، تیشکی خستە سەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان بۆ داگیركردنی بەشێكی كوردستانە، بۆ تێكدانی پرۆسەی سیاسیی باشووری كوردستان و لەناوبردنی سومعەی كوردە بەخەیاڵی خۆیان، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك بەدەم كێشەی كوردەوە نەیەت.
ئەو سیاسەتمەدارە، ئاماژەی بەوەشکرد، توركیا دەیەوێت شەڕی كورد بە كورد بكات، بۆیە هەر هێزێك هەوڵی شەڕی براكوژیی بدات، پێویستە لێپرسینەوەی لێ بكرێت، چونكە شەڕی براكوژیی كوشتنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردە لە هەموو كوردستان.
هەر لەو کۆنگرەیەدا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە كۆتا بڕیاری دادگای هەولێر دەربارەی دەستگیركراوانی بادینان، پێنجوێنی ڕایگەیاند: ئەوە حكومێكی سیاسییە و زوڵمە لەو چالاكوانان و رۆژنامەنوسانە دەكرێت.